دادگایەکی بەغدا سێ تۆمەتباری ئازاد کرد کە پێشتر بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک دەستگیر کرابوون و دەوترا”سەر بە پەکەکەن”.
بەپێی نوسراوێكی دادگای تێھەڵچوونەوەی بەغدا/ رەسافە لە 5ـی تشرینی دوەمی 2024، دادگای تاوانەكان بڕیاریداوە بە ئازادكردنی ئەو سێ تۆمەتبارەی کە پێشتر بە تاوانی سووتاندنی بازارەکانی هەولێر و کەرکوک تۆمەتبار کرابوون، ئەوەیش بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەریان.
هەر بەپێی نووسراوەکەی دادگا، سەرجەم ئەو کەلوپەل و ئۆتۆمبێلانەش بۆ تۆمەتباران دەگەڕێندرێتەوە کەپێشتر لەکاتی دەستگیرکردنیان فەرمانی دەستبەسەرداگرتنیان بۆ دەرکرابوو.
ئەم بڕیارەی دادگا لەکاتێکدایە لەماوەکانی پێشوودا و بە دیاریکراوەی لەڕۆژی ١ـی تەمووزی ئەمساڵ هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لە بەغدا ڕایانگەیاند، لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هەولێر و کەرکوک سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە دووانیان كادری هێزە ئەمنییەكانی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون، و ئەوکات ڕایانگەیاند کە سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ن، و ئەو هێزەیان تۆمەتبارکرد بە “پلاندانەر و جێبەجێكاری”ـی ژمارەیەك ڕووداوی سوتاندنی بازاڕ و شوێنی گشتی لە شارەكانی كەركوك، هەولێر و دهۆك.
هەر ئەوکات لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، ئەو گروپەی دەستگیركراون و لە سێ كەس پێكدێن، دەستیان لە سوتاندنی چەندین بازاڕ و شوێنی دیكەدا هەبووە لە كەركوك، لە نێویاندا كەوتنەوەی ئاگرێك كە بەهۆیەوە 27 دوكان و 14 كۆگا سووتان، بێجگە لە سوتاندنی بازاڕ لە هەولێر و دهۆك، پلانیان هەبووە لە داهاتووشدا، لەو شارانە و لە بەغدای پایتەختیش كردەوە ئەنجامبدەن.
دوابەدوای کۆنگرەکە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و بە “بێ بنەما” وەسفی كرد.
لەدوای بڕیارەکەی دادگا کەلە 5ـی ئەم مانگە دەرچووە ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری توركمان لە عێراق لەڕێگەی گرتە ڤیدیۆییەکەوە ناڕەزایەتی و سەرسوڕمانی خۆی لە بڕیارەکە دەربڕی و دەڵێت” تووشی سەرسوڕمان بوون لەكاتێكدا پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق وەكو تۆمەتبار و جێبەجێكاری روداوی سوتاندنی بازاڕەكان ناویهێنان، دوای لێكۆڵینەوە”.
هاوکات پێگەی فەرمی یەکێتی نیشتیمانی بلاویکردەوە، هەندێک لایەن هەمیشە دەیانەوێت تۆمەتی بێ بنەما بۆ یەکێتی هەڵببەستن و ئەم بڕیارەی دادگاش باشترین بەڵگەیە بۆ بە درۆخستنەوەی ئەو تۆمەتانەی پێشتر ئاڕاستەی یەکێتی کرابوون.