ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، سەبارەت بەپرسی جێندەر و كاریگەریە خراپەكانی لەسەر ئایین و كلتوری كۆمەڵگەی كوردی یاداشتێك دەدەینە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
میدیا شێخ ئەحمەد ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی 1ی 2023 بەئیمزای چەند ئەندامێكی ئەنجومەن یاداشتێكمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرد سەبارەت بەپرسی جێندەر و كاریگەریە خراپەكانی لەسەر ئایین و كلتوری كۆمەڵگەی كوردی.
ڕاشیگەیاندووە، داوایان كردووە، كە یاسایەك دەربكرێت بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوكردنەوەی بیر و كلتوری نامۆ لەناو كۆمەڵگە و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و دامەزراوە حكومیەكان و ئەركی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومیەكانە لەكاتی پێدانی مۆڵەتی ڕێكخراوەكان ڕەچاوی ئاین و كلتور و ڕەسەنایەتی كۆمەڵگەی كوردی بكرێت و ئەم پەیامەش بدرێت بە قونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی ڕێزگرتن و ڕەچاوكردنی ئاین و كلتوری كۆمەڵگەی كوردی .
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لەڕێگەی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان ڕاپەڕین سەرجەم فەرمانگە حكومیەكان ئاگاداربكرێنەوە بەمەبەستی خۆپارێزی و ڕێگەنەدان بەهیچ جۆرە چالاكیەك لەبارەی جێندەر لەناو بینای فەرمانگە حكومیەكان ئەمەش لەپێناو تێك نەدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی و دوركەوتنەوەی مەترسی لەسەر گەنجان و نەوەكانمان .