ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ تاووتوێکردنی چەند تەوەرێک کۆدەبێتەوە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداریش، قوباد تاڵەبانیش بەشدارە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش بەشدارە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکە، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، سەرژمێری و ژماری وەزیفیی فەرمانبەران تەوەرەکانی ئەمڕۆی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانن.
باسی لەوەشکرد: “لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا باس لە مووچەی مووچەخۆران و پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە دەکرێت”.
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران هاوکاتە لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد لەبارەی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری.
هاوکات یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیشە لە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کەلە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو.