ڕوونە لە ئێستادا دیواری ماڵ و بیناکان بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما و بارینی باران کاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شێداری و تەڕی و بۆن و کەڕوو و دڵۆپە لە ناو ماڵدا دروست ببێت، تەنانەت چەندین کێشەی تەندروستی دروست بکات، جگە لە دەرکەوتنی پەڵەی ناڕێک و ناشرین و کەڕوو لەسەر دیواری ناوەوەی ماڵەکە و دروستبوونی بۆنی ناخۆش.
شێی ماڵان لە کوێ دروست دەبێت؟
شێی ماڵان لە چەند شوێنێکی دیاریکراو لە بەشی ناوەوەی ماڵ لەسەر شێوەی پەڵەی سەوز یان پەڵەی زەرد دروست دەبێت، ئەم جۆرە کەڕووەش زیاتر لەو شوێنانە دروست دەبن کە گەرم و تاریکن و ڕووناکی پێویستیان بەرناکەوێت، لەگەڵ ئەو شوێنانەی کە هەواگۆڕکێیان تێدا کەمە و بەرکەوتنی زۆریان لەگەڵ ئاو هەیە. شێی ماڵان لە شوێنی تەڕ و شێداریش دروست دەبن بە تایبەتی لە شوێنی دەستشۆر و گەرماو و چێشتخانەکان چونکە ئەو شوێنانە بەراورد بە شوێنەکانی تر ڕێژەی هەڵم و ئاوی تیایاندا زۆرە.
هەندێک کاتیش شێ لەسەر بەشی ناوەوەی دیوار و بنمیچی ئەو ژوورانەی ماڵ دروست دەبن کە دیواری بەشی دەرەوەیان بەرکەوتنی زۆریان هەیە لەگەڵ ئاوی باران و بەفر.
ئەڵام دەبێت ئەگادار بین هەندێک جۆری کەڕوو و شێی ماڵان هۆکاری چەندان نەخۆشین بۆ مرۆڤ، چونکە هەندێک کەس هەستیارییان بە شێ یان کەڕووی ماڵ هەیە، لەگەڵ بەرکەوتن یان بۆنکردنیان ڕاستەوخۆ نیشانەکانی هەستیاریان لەسەر دەردەکەوێت.
چۆن ڕێگری دەکەیت لە دروست بوون و بەرکەوتنی شێ لە ماڵەکەتدا ؟
- هەواگۆڕکێی بەردەوام لە ڕێگەی کردنەوەی پەنجەرە و دەرگاکانی ماڵەوە.
- زیادە ڕەوی نەکردن لە بەکارهێنانی ئاو لەکاتی پاککردنەوەی ماڵ.
- ڕووپۆشکردنی دیواری دەرەوەی خانوو بە چەند ماددەیەکی بۆ پارێزگاریکردن لە ئاوی باران.
- دانانی شووشەی دەبڵ بۆ پەنجەرەکان بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئاو.
چارەسەرکردن و ڕێگریکردن لە دروست بونی کەڕوو بە بەکارهێنانی چەند بەرهەمێکی سروشتی
خوێی زبر: یەکێک لە باشترین بەرهەمە سروشتییەکان بۆ شێ خوێی زبرە، چونکە یارمەتیدەرە بۆ ڕزگاربوون لە شێ، بە دابەشکردن و پرژاندنی بڕێک خوێی زبر بەسەر ئەو شوێنانەی شێی تێدا دروست بووە بە تایبەت شوێنە تەسکەکان کە گەیشتنی دەست پێیان قورسە، ئەماش هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی بۆن و تەڕی شێیەکە لەو ناوچەیەدا.
سرکەی سپی: بە یەکێک لەو ماددە سروشتییانە دادەنرێت کە یارمەتیدەرە لە چارەسەرکردنی شێی ناو ماڵدا، چونکە بەکارهێنانی سرکەی سپی یارمەتی لابردنی بۆنی شێداری دەدات، هەروەها دژەکەڕووە و خێرا و کاریگەرە بۆ لابردنی ئەو بۆن و کەڕووەی کە بەهۆی شێوە دروست دەبن.
سۆدەی نان: یەکێک لە باشترین گیراوەکان بۆ ڕزگاربوون لە شێ بریتییە لە سۆدە، دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بە دانانی کەمێک لێی لەناو دەفرێکدا، پاشان دەپرژێنرێتە ئەو شوێنەی کە شێی تێدا دروست بووە، بە تایبەتی بۆ ناو کانتۆر یان ئەو شوێنانەی داخراون بەکاردێت چونکە تایبەتمەندی هەڵمژینی بۆنی شێی هەیە و کاریگەرە و خێرایە.