دۆسیەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان سەرهەڵدەداتەوە



سەركردەیەكی هاوپەیمانی نەسر، كە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ڕایدەگەیەنێت، حکومەت پێویستی بە 6-8 مانگ دەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دوای تەواوکردنی هەنگاوەكانی یاسادانان.

چەندین ساڵ بەسەر وادەی یاسایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تێپەڕیوە و تا ئێستا حكومەت ٣ وادەی داناوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كە ساڵی (٢٠١٢ و ٢٠٢٢ و دواتر گۆڕا بۆ ٢٠٢٣)، بەڵام ناتوانێ بەبێ هەموارکردنەوەی یاساکەی و کۆمسیۆن هەڵبژاردن ئەنجام بدات.

عەقیل ڕەدینی، سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر بۆ ئاژانسی (المعلومە)ی عێراقی ئاماژەی بەوەكردووە، “تەواوکردنی هەموارەکانی یاسای هەڵبژاردنەکان پەیوەستە بە پرەنسیپی ئیرادەی سیاسی هێزە جیاوازەکانەوە، بە پێچەوانەوە ناتوانرێت بەردەوام بێت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “دوای ئەوەی هەموارکردنەکانی یاساكە پەسەند دەكرێن، دەخرێنە بەردەم پەرلەمان تاوەكو دەنگیان لەسەر بدرێت، دواتر حکومەت پێویستی بە ٦-٨ مانگ دەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەموو پارێزگاکان”.

ئەو سەركردەیەی نەسر وتیشی، “هێزە سیاسییەکان بەگشتی هاوڕان لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاری گرنگ لە یاسای هەڵبژاردنەکان و کۆمسیۆن، ڕەنگە وێنەکە ڕوونتر بێتەوە لەگەڵ کۆتایی هاتنی پشووی خولی یاسادانان و دەستپێکردنی چالاکییەکانی پەرلەمان لە گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی یاساکان”.

جەختیشی كردەوە، “بەرواری هەڵبژاردنەکان ڕاستەوخۆ دوای بەرواری دەنگدان لەسەر هەموارکردنەکان دیاری دەکرێت و ئەگەر بڕیارەکە دواکەوت، ئەوا دەکرێت بەرواری هەڵبژاردنەكە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ دوابخرێت”.

ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بە هەڵوەشاندنەوەی ١٥ ئەنجوومەنی پارێزگا جگە لە هەرێمی كوردستان، كە دەكاتە نزیکەی ١٢٠ قەزای ئیداری و زیاتر لە ٤٠٠ ناحیە، بەو پێیەی ساڵانە ئەو ئەنجوومەنانە زیاتر لە ٢٠٠ ملیار دینار خەرجیان هەیە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا حزبە سیاسییەكان ڕێككەوتن لەسەر دووبارە كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

کەریم علێوی، سەركردەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ ڕۆژنامەی (العربی الجدید) ڕایگەیاندووە، “ڕێککەوتنێکی سیاسی لە ماوەی ڕابردوودا کراوە، کە پێویستی بە کاراکردنەوەی کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەیە”.

وتوشیەتی، “کاراکردنەوەی ئەو ئەنجوومەنانە پێویستی بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانە و بۆ ئەمەش هەوڵێکی ڕاستەقینە هەیە لەلایەن حکومەت و پەرلەمانەوە، بە پشتیوانی سیاسی، ئەو هەڵبژاردنانە لە ئۆکتۆبەری ساڵی داهاتووی ٢٠٢٣ ئەنجام بدەن”.

علێوی ئاماژەی بەوەشکردووە، “دیالۆگ و کۆبوونەوەی حکومەت و پەرلەمانی هەیە بە ئامانجی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر فۆڕمی یاساکە نەکراوە، هەروەها کۆبوونەوەی سیاسیش هەیە، کە بەم نزیکانە ئەنجام دەدرێت بەمەبەستی گەیشتن بە ڕەشنووسی كۆتایی بۆ یاساکە”.

ئەو سەركردە شیعەیە ئەوەشی خستۆتەڕوو، “محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵدەدات گۆڕانکاری لە هەندێک لە پارێزگارەكاندا بکات، پێش ئەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان ئەنجامبدات و بۆ ئەوەش سەردانی مەیدانی پارێزگاكان دەكات و هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانیان دەكات”.

لای خۆیەوە، سەعد ئەلموتەلەبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا ڕایگەیاندووە، “هێزە سیاسییەکان بەباشی درکیان بە پێویستی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە بۆ چاودێریکردنی کار و ئەدای کارەکان ئەم حکومەتانە ناتوانن بەبێ چاودێری و لێپرسینەوە بمێننەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، بوونی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێویستییەکی دەستوورییە، بەو پێیەی ئەمە بە دەستووری عێراق پشتڕاستکراوەتەوە، هەروەها ناکرێت بەپێی ئەجێندایەکی سیاسی کارەکانی ئەنجوومەنەکان بە هەڵپەسێردراوی بهێڵرێتەوە، چونكە پەکخستنی ئەنجوومەنەکان ئامانجی سیاسی لە پشتە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک پارێزگا لەلایەن هەندێک لایەنەوە بۆ ئەوەی بەبێ هیچ چاودێرییەک کاربکەن.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم ئەنجامدرا، مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨ كۆتایی بە ماوەی یاساییان هات، دوای نزیكەی ساڵێك لە كۆتایی هاتنی ماوەی یاساییان پەرلەمانی كوردستان ماوەی كاركردنیانی بۆ كاتێكی نادیار درێژكردەوە و تا ئێستا هیچ وادەیەك بۆ هەڵبژاردن دیاری نەكراوە.

شەپۆلی بارانبارین تا ئەم وادەیە بەردەوام دەبێت
پێت شەپۆلی بارانبارین تا ئەم وادەیە بەردەوام دەبێت
توركیا؛ لەساڵی ڕابردوودا بڕی 10 ملیار دۆلار داهاتی تەنها لە ڕوانەوەی قژی گەشتیاران هەبووە
دوات توركیا؛ لەساڵی ڕابردوودا بڕی 10 ملیار دۆلار داهاتی تەنها لە ڕوانەوەی قژی گەشتیاران هەبووە
پەیوەنیدر