“هەژماری من لە تەوتین فراوانتر و دەوڵەمەندترە و فەرمانبەران زیاتر سوودی لێ وەردەگرن”



سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی ھەژماری من زۆر لە تەوتین فراوانترە و ھیچ گرفتێکی تەکنیکی و یاسایی نییە و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی کارکردن لەسەر پڕۆژەکە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، له‌ لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی سەبارەت بە “ھەژماری من” ڕایگەیاند، پڕۆژەی ھەژماری من، لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستاندایە و زۆریش لە تەوتین فراوانتر و دەوڵەمەندترە و فەرمانبەرانیش زیاتر سوودی لێ وەردەگرن.

وتیشی: ئەو بانکانەی کە لە هەژماری مندا ھەن، “ھەموویان لە بانکی ناوەندی تۆمار کراون و عێراقیش بەو پڕۆژەیە ڕازییە و ھیچ گرفتێکی نییە، بۆیە پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەرانیش لەو پڕۆژەیە بەردەوامە و فەرمانبەرێکی زۆر خۆیان تۆمار کردووە و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی کارکردن لەسەر پڕۆژەکە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت”.

ڕاشیگەیاند، جێگەی داخە لایەنێکی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق بە ھاوکاریی ھەندێک پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە، بۆ ئەوەی ھەژماری من نەمێنێت و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان تەوتین بکرێن، کە ئەمەیان ھیچ بەرژەوەندیی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی تێدا نییە و ئەوەی دەکرێت بۆ مەبەستی سیاسییە، ئەگەرنا پڕۆژەی ھەژماری من، پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و دانپێدانراویشە، بۆیە ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ دژایەتیکردنی ئەو پڕۆژەیە، شکست دەھێنن، لەبەر ئەوەی دیارە ئامانجی دژایەتیکردنی پڕۆژەکە بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش بە ھیچ جۆرێک مایەی قبووڵکردن نییە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت: هەژماری من لە ڕووی یاسایی و تەکنیکییەوە ھیچ گرفتێکی نییە، بەڵام ئەوان مەبەستیان تێکدانە، چونکە لە ھەڵبژاردندا نەیانتوانی ئەوەی دەیانویست بە دەستی بێنن، ھاتوون دەیانەوێت بە ھەر جۆرێک بێت دژایەتیی ھەرێمی کوردستان بکەن.

ڤیان سەبری جەختیشی کردەوە: ئەو بانکانەی لەو پڕۆژەیەدا بەشدارن، ھیچیان شەخسی نین و ھەموویان ئەو بانکانەن  کە حکومەتی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و ھاوشێوەی بانکەکانی دیکە یاسایین، بۆیە ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە ئەو بانکانە شەخسین، ڕاست نییە و بانکی یاسایی و تۆمارکراون و حکومەتی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.

بەنداوی باوەشاسوار سەرێژ بوو
پێت بەنداوی باوەشاسوار سەرێژ بوو
کەشناسی: بارانبارین بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
دوات کەشناسی: بارانبارین بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
پەیوەنیدر