ئەمڕۆ دووشەممە، یسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، نەتەوە یەکگرتووەکانی لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و دەزگای فریاگوزاری پەنابەرانی فەڵەستینی ئۆنروا لە ساڵی 1967 ئاگادار کردەوە.
ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت بڵاوی کردەوە، “ئەمڕۆ کاتز فەرمانی بە یەعقوب بلیتشتاین، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتەکەی کردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە ئاگادار بکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو کنێست یاسایەکی پەسەندکرد، تیایدا داوا دەکات کارەکانی ئونروا لە ئیسرائیل کۆتایی پێ بهێنرێت”.
ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات هەندێک لە کارمەندانی ئونروا گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت، بەشداریی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023یان کردبێت.
لای خۆیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەزگاکە بێلایەنە و تەنها سەرنجی لەسەر پشتیوانیکردنی پەنابەران بووە.
کاتز دەڵێت: “کارمەندانی ڕێکخراوی ئونروا بەشدارییان لە کۆمەڵکوژییەکەی 7ـی ئۆکتۆبەردا کردووە و بەشێکی زۆریان چالاکوانی حەماسن”.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، هێشتا هیچ بەدیلێک بۆ ئونروا لە غەززە نییە، بەشێک لە هاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی دیکەوە دەگەیەنرێن، بەڵام 13%ـی هاوکارییەکان لە ڕێگەی ئونروا دەگەیەنرێت.
فیلیپ لازارینی، کۆمیسیاری گشتیی ئونروا دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند “پێویستە بایەخ بدرێت بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە کەرتی غەززە، لەبری ئەوەی سەرنج بدرێتە قەدەغەکردنی دەزگاکە یان دۆزینەوەی بەدیل بۆی”.
لازارینی لە ڕاگەیەندراوێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکسی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، “هەڵوەشاندنەوەی ئونروا لە غیابی بەدیلێکی بژاردەدا، منداڵانی فەڵەستینی لە خوێندن بێبەش دەکات”.
کنێستی ئیسرائیل قەدەغەکردنی چالاکییەکانی ڕێکخراوی ئونروا لە ناوچەکانی فەڵەستین پەسەند کرد، ئەمەش لە لایەن وڵاتانی ئەورووپا و ڕۆژئاوایی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان شەرمەزار کرا.
بەپێی یاساکە، چالاکییەکانی ئونروا لە قودسی ڕۆژهەڵات ڕادەگیرێت، و دەسەڵاتەکانی دەگوازرێنەوە بۆ بەرپرسیارێتی و کۆنترۆڵکردنی ئیسرائیل.
بەپێی ڕێککەوتننامەی ساڵی 1967 ڕێگەی بە ئونروا لە ئیسرائیل کار بکات، بەڵام بەم بڕیارەی ئیسرائیل چالاکییەکانی دەزگاکە لە ئیسرائیل و ناوچە فەڵەستینییەکان وەستان و هەموو جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و کارمەندەکانی قەدەغەیە.