وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم سزای دارایی گەورەی ژمارەیەک فرۆشیاری سیمکارتی تۆمار نەکراو دەدات و دەڵێت” ڕۆژانە هەڵمەتەکانیان بەردەوام دەبێت”.
لە بڵاوکراوەیەکدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ نێوان وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و حەوت کۆمپانیای مۆبایل و ئینتەرنێت، بەمەبەستی خێراکردنی رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی سیمکارت لە دەرەوەی رێوشوێنی یاسایی تۆمارکردن، لێژنە تایبەتمەندەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر فرۆشگایەک بگرنە بەر کە سیمکارت دەفرۆشن بێ پرۆسەی تۆمارکردنی یاسایی.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو لێکتێگەیتنانە و بڕیارانەی لەو کۆبوونەوەیەدا دراون، سزای ژمارەیەک فرۆشگا درا و داخران و بەدواداچوونی رۆژانەش بەردەوامە.
وەزاەرتی ناوخۆ ئاگاداری هاووڵاتیان و فرۆشگا و بریکاری کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت دەکاتەوە، کە فرۆشتنی سیمکارت لە بازاڕ بێ تۆمارکردن وادەکات رێوشوێنی یاسایی توند لەبەرامبەر هەر کەس و فرۆشگا و بریکارێک بگیرێتە بەر کە سیمکارت لە بازاڕ بفرۆشێ و تۆماریان نەکات بە ناوی کڕیار، و سەرپێچیکار بەرامبەر هەر سیمکارتێکی دەست بەسەرداگیراو بڕی (٣.٠٠٠.٠٠٠ سێ ملیۆن دینار) سزا دەدرێت.
وەزاەرتی ناوخۆ بریکارانی سەرەکی و لاوەکی فرۆشتنی سیمکارت ئاگادار دەکاتەوە، پێویستە بە زووترین کات خۆی لە وەزارەتی ناوخۆ/ بەرێوەبەرایەتی گشتی دیوان/ بەرێوەبەرایەتی کۆمپانیا ئەمنییەکان و مۆڵەتپێدان تۆمار بکەن لە رێی پڕکردنەوەی ئەم فۆرمە ئەلیکترۆنییەی خوارەوە، هەروەها تا پرۆسەی تۆمارکردن تەواو دەبێت، پێویستە بریکارەکان سیمکارت بە گوێرەی سیستمی تۆمارکردن بفرۆشن، بە پێچەوانەوە فرۆشگاکانیان دادەخرێت، بە گوێرەی رێنمایی ئاماژەبۆکراوی سەرەوە پێبژاردنی دارایی دەدرێن ، هەروەها کۆمپانیاکان مۆڵەتی بریکاردارێتیان لێ وەردەگرنەوە.
بریکارەکان لەم فۆرمە خۆتان تۆمار بکەن:
https://forms.gle/bM2iT331uHVMUyye9