بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی دوو هەفتەدا لە قەزا و ناحییەکانی سەر بە سنورەکەیان دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە سلێمانی و هەولێر و زاخۆ، دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و پرسەکەش بەردەوامە، لە کەمتر لە 15 ڕۆژی دیکە دابەشکردنی زەوی لە قەزا و ناحییەکان دەستپێدەکات.
جەختیشی كردۆتەوە، لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە سنووری قەزا و ناحییەكانیش دەستپێدەكات.
17ـی مانگی ڕابردوو تیروپشک بۆ دابەشکردنی پێنج هەزار پارچە زەوی لە هەولێر کرا. رۆژێک پێشتریش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تیروپشکی دابەشکردنی زەوی کرابوو، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە 17ـی 10ی 2024 بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش 2 هەزار 474 پارچە زەوی رەزامەندی دابەشکردنیان دراوە.
ڕووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون، کە بریتین لە ساڵانی خزمەن و ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون.