لە فێستیڤاڵەكەی هەڵەبجە بایی نزیكەی 1.5 ملیار دینار هەنار فرۆشراوە



لیژنەی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە ئاشكرای دەكات، كە لەمساڵدا نزیكەی 300 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردوە و بە بەهای یەک ملیار و 435 ملیۆن دینار هەنار و بەرهەمەکانی فرۆشراون.

دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە پارکی شاری یاریی هەڵەبجە بۆ سێ‌ ڕۆژ ئەنجامدرا و تاوەکو کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆی خایاند، فێستیڤاڵەکە ڕۆژی پێنج شەممە، بە بەشداریی سەدان کەس و بە دروشمی “ڕەسەنایەتی و شوناسی نەتەوەیی، پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی و گەشەپێدانی چالاکیی کولتووری و هونەریی” دەستیپێکرد.

لە سێیەمین ڕۆی فێستیڤاڵەكەدا لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، پێشبڕکێی گەورەترین هەنار لە هەڵەبجە سازكرا، كە تیایدا باخەوان (کەیوان فەریق) کێشی هەنارەکەی گەیشتە کیلۆیەک و 320 گرام.

لیژنەی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، كە لەمساڵدا 287 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردوە و بە بەهای یەک ملیار و 435 ملیۆن دینار هەنار و بەرهەمەکانی فرۆشراون.

هاشم عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی کشتوکاڵی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، “دوو هەزار کەس بۆ ڤێستیڤاڵی هەنار ناویان تۆمارکردبوو، بەڵام 700 کەس ناوەکانیان لە ڕێگەی تیروپشکەوە دەرچوو.”

وتیشی، “کەپرەکان و دووکانەکانی فێستڤاڵەکەمان دابەش کردبوو، 250 کەپر و دووکان ئامادەکرابوون بۆ بەرهەمی هەنار و بەروبوومی کشتوکاڵی، 200 کەپر و دووکان بۆ کاری دەستی و کەسانی بەهرەمەند، 175ـیان بۆ خواردنە کوردەوارییەکان و 75ـشیان بۆ بەرهەمی هەنگوین، کارگەکان و بەروبوومی وشکی پاییزە.”

بەگوێرەی ئاماری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، لە ڕۆژی یەکەمی فێستیڤاڵی هەناردا 80 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە، لە ڕۆژی دووەمیش 110 هەزار گەشتیار و سەردانیکەر سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە و بەوەش ڕێژەی سەدانیکەران بۆ 190 هەزار کەس بەرزبووەتەوە و بە گەشتیارانی ئەمڕۆشەوە گەیشتۆتە نزیكەی 300 هەزار كەس.

ساڵی رابردوو نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە 2ـی مانگی 11 دەستیپێکرد و سێ ڕۆژ بەردەوامبوو، لەو ماوەیەدا نزیکەی 270 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد و داهاتەكەی یەك ملیار و 300 ملیۆن دینار داهاتی بووە، بۆ ئەمساڵیش گەیشتۆتە 287 هەزار كەس و داهاتەكەی یەک ملیار و 435 ملیۆن دینار بووە.

 

ناوی ئەو گەڕەكانەی كارەبایان دەبێتە 24 كاتژمێری ڕاگەیەنرا
پێت ناوی ئەو گەڕەكانەی كارەبایان دەبێتە 24 كاتژمێری ڕاگەیەنرا
بەرگری شارستانی هەولێر: هاووڵاتییان پابەند نابن
دوات بەرگری شارستانی هەولێر: هاووڵاتییان پابەند نابن
پەیوەنیدر