بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی سەرژمێری،سەرۆک کۆمار پێشوازی لەسەرۆک وەزیران و ژمارەیەک وەزیرو بەرپرسان دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆک کۆمار، د.لەتیف جەمال ڕەشید، لە کۆشکی بەغدا پێشوازی کرد لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەفدێکی وەزیر و بەرپرسان،کە پێکهاتبوون لە بەڕێز فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران، وەزیری دەرەوە و د. محەمەد تەمیم جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری پلاندانان و د.خالید شوانی وەزیری داد، ئەندازیار نزار ئامێدی وەزیری ژینگە، د.دارا ڕەشید مەحمود وەزیری پلاندانان لە هەرێمی کوردستان، ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڕێـز ئومید سەباح عوسمان سەرۆکی نوسینگەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم د.ضياء عواد کازم سەرۆکی دەزگای ئامار و رێکخستنی زانیاریەجوگرافیەکان، سیروان محەمەد محێدین جێگری وەزیری پلاندان، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێم، د.مەهدی عەلاق ڕاوێژکاری نیشتیمانی لەسندوقی ئاماری دانیشتوان لە نەتەوە یەکگرتوەکان، بەڕێز قوسەی عەبدولفەتاح رەئوف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروبای تەکنیکی له دەزگای ئامار، بەڕێـز عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد .
شایەنی باسە له کۆبوونەوەکەدا پێشکەوتنی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆسیەی پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا، هەروەها جەختیان کردەوە لە سەر گرنگی بەردەوامی هەوڵەکان بۆ گەیشتن به چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان به پێی دەستوور و یاسا.
هەروەها تاوتوێی ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی سەرژمێری بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییە زۆرەکەی کە یارمەتیدەرە بۆ بەدیهێنانی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی.
هەروەها تاوتوێکردنی ژمارەیەک تێبینی پەیوەست بەم پرۆسەیە بەمەبەستی گەیشتن بە تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە و ژیرانە و دروست کە بەسەر هەر کۆسپ و کێشەیەک زاڵ بێت کە ببێتە ڕێگر لەم پرۆسەیە و ئەنجامەکانی.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستی ئەنجامدانی سەرژمێری لەکاتی خۆیدا کرایەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا داوای پشتیوانی لە وەزارەتی پلاندانان کرا بۆ ڕەخساندنی هەموو ئامرازێک بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی سەرژمێری و گرنگی دان بە بەڕێوەچونی بە بەرزترین ستانداردی پرۆفیشناڵیی و ڕاپەڕاندنی پڕۆسەکەبە شەفافیی .