سەرۆکی یەکێتی و کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم لە هەولێر کۆبوونەوە و بابەتی ئەنجامی هەڵبژاردن تاوتوێ کرا.
ئەمڕۆ پێنج شەممە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد، و دۆخی هەرێمی کوردستان پاش هەڵبژاردن، پرسی پێشمەرگە و پێشکەشکردنی خزمەگوزاری گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت روونکردەوە و رایگەیاند، یەکێتی بەپەرۆشییەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و تەندروست دەڕوانێت، حکومەتێک رەنگدانەوەی خواستەکانی خەڵک بێت و هیچ لایەنێک نەتوانێت مەرام و ویستەکانی خۆی بسەپێنێت و دامەزراوە حکومییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەپشتیوانیی خەڵک توانیمان کۆتایی بە تاكڕەوی بهێنین و نەهێڵین چیتر ئەم حوکمڕانییە چەوتە درێژەبکێشێت، قۆناغی داهاتووش بریتی دەبێت لە چەسپاندنی دادپەروەری و دوورکەوتنەوە لە جیاکاری، هیوادارم هەموولایەنەکان خۆیان لەگەڵ ئەم پرەنسیپە بگونجێنن، چونکە ئەو حکومەتەی دروستدەکرێت، هی خەڵک دەبێت نەک لایەنێکی دیاریکراو.
لەبارەی چاکسازییەکانی ناو ریزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکان لەچوارچێوەی هێزێكی نیشتمانی و لەسەر بنەمای دادپەروەری، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، هەموو هەوڵێک لە دەرەوەی رێککەوتنەکان وەک لێدان لەم پرۆسە نیشتمانییە دەبینین، بۆیە هیوادارین هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بکەن و بێگومان هاوکاریی دۆستەکانیشتمان لەپێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، بەرز دەنرخێنین.
لەبارەی پرۆسەی ‘هەژماری من’ـیشەوە سەرۆکی یەکێتی وتی، ئەم پرسە کۆتاییهاتووە، ئەوەی خەڵک دەیەوێت ئێمە جێبەجێی دەکەن و هەوڵەکانمان لەپێناو ئەواندایە، لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشت بە یاسا کار بە ‘تەوتین’ دەکەین کە لەبەرژەوەندیی مووچەخۆراندایە نەک لایەنێکی دیاریکراو.