لەماوەی ڕابردوودا شەپۆلی باران بارین زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی گرتەوە و لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەفر باری، ئێستاش شەپۆلێكی نوێی بەفر و باران بەردەوامە، بەڵام ئەو ڕێژە باران بارینە كارگەری لەسەر ئاستی بەنداوە گەورەكانی هەرێم نەبووە بەشێوەیەكی گەورە.
لە سنووری سلێمانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی باران بارین زیادیكردووە، بەجۆرێك بۆ ئەمساڵ 199.1 ملیم باران باریوە، ساڵی ڕابردوو هەتاكو ئەمڕۆ 122 ملیم باران باریوە.
سەبارەت بە كاریگەری باران بارین لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی بەنداوی دووكان، كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوەكە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، باران بارین كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان نەبووە، ئاوی هاتوو بۆ دەریاچەكە هیچ باش نییە.
وتیشی، پێویست بوو كە ئێستا ئاستی ئاوی بەنداوەكە زۆر بەرزببێتەوە، بەڵام وانەبوو ئەو گۆڕانكارییەی لە بەنداوەكەدا هەیە زۆر كەمە و شایەنی باسكردن نییە، چاوەڕێین لە هەفتەكانی داهاتوو ڕێژەیەكی باشتر باران ببارێت بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە ئاستی ئاوی بەنداوەكەدا دروست ببێت.
لە لایەكی دیكەوە ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكانی هەرێم بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، ئاستی بارانبارین ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە هەندێك شوێنی هەرێمی كورستان لە بەرزبوونەوەدایە، بەڵام داهاتی ئاو بۆ بەنداوەكان لە ساڵی ڕابردوو كەمترە، چونكە ئەو بارانەی باریوە لە خوار بەنداوە گەورەكانەوەیە، بەڵام كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بەنداوە بچووكەكان و ئاوی پێویستیان تێچووە.