وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حزب و كاندیدەكان سێ ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ تانەدان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و دەشڵێت: ڕۆژی پێنج شەممە دەستپێدەكات تاكۆتایی دەوامی فەرمی ڕۆژی یەك شەممە بەردەوام دەبێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، بە گوێرەی یاسای ژمارە (31)ی ساڵی (2019)ی، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، مادەی (20) حزبی سیاسی یان كاندید بۆی هەیە تانە بدات لە بڕیاری ئەنجومەنی كۆمیسیاران، لەماوەی سێ ڕۆژدا لە ڕۆژی دوای بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكان.
ڕوونیشی كردۆتەوە، داواكاری تانەدان پێشكەش دەكرێت لەنوسینگەكانی هەڵبژاردن لە هەرێم یان نوسینگەی دەستە یان نوسینگەی نیشتمانی، یان ڕاستەوخۆ پێشكەشی دەستەی دادوەری دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجومەنی كۆمیسیاران وەڵامی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان دەداتەوە لەبارەی تانەكان لە ماوەیەك كە (7) ڕۆژ تێپەڕناكات، لەبەرواری گەیشتنی تانەكان بەدەستی.
ئاشكراشی كرد، دەستەی دادوەری تەماشای تانە پێشكەشەكراوەكان دەكات لەماوەیەك كە (10) رۆژ زیاتر نەبێت، لە كاتی وەڵامی ئەنجومەنی كۆمیسیارانەوە سەبارەت بە تانەكە.
جەختیشی كردەوە، ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو، بە یەكەم ڕۆژی تانەدان دادەنرێت، كە تا ڕۆژی یەك شەممە (3/11) تا كۆتایی دەوامی فەرمی بەردەوام دەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاری داوە سبەینێ چوار شەممە ئەنجامی كۆتایی پڕۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ڕابگەیەنێت، كە ڕۆژانی 18 و 20ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.