وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، هۆشداری دەدات لە ڕێگری كردن لە تیمەكانی هەژماری من لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم لە گشتاندنێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پڕۆژەی هەژماری من پڕۆژەیەكی سەرتاسەری حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند كراوە و پێویستە وەك خۆی لەسەرجەم پارێزگاكان پەسەندكراوە.
جەختیشی كردۆتەوە، هەر بەڕێوەبەر و فەرمانبەرێك لەو بانكانەی تایبەت كراون بۆ جێبەجێ كردنی پڕۆژەكە ڕێگری و ئاستەنگ بۆ كارمەندانی هەژماری من دروست بكات دووچاری لێپرسینەوە دەبێتەوە.
ئمە لەكاتێكدایە، دوێنێ دوو شەممە، لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی ڕایگەیاند، بە بڕیاری یەكێتی پڕۆسەی هەژماری من لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە ڕاگیراوە.
لە بەرامبەریشدا، د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم “پشكی پارتی” لە گشتاندنێكدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان هۆشداری داوە لە ڕێگری كردن لە تیمەكانی هەژماری من و لە نووسراوێكیشدا بۆ سەرۆكایەتی داواكاری گشتی، داوای كردوە سكاڵا لەسەر ئەو بەرپرس و فەرمانبەر و كارمەندانە تۆمار بكرێت، كە ڕێگری لە تیمەكانی هەژماری من دەكەن.