وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە بانکەکانی سلێمانی کە ئەگەر ئاستەنگ بۆ “هەژماری من” دروست بکەن، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی دەکرێنەوە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی دەربارەی پرۆژەی “هەژماری من” نووسراوێکی ئاڕاستەی بانکەکانی مەڵکەندی، توویمەلیک، تانجەرۆ، هەڵەبجە و چەمچەماڵ کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە لەوەی “هەژماری من” پرۆژەیەکی پەسەندکراوی ئەنجومەنی وەزیران و پێویستە وەک خۆی لە سەرجەم پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
لە نووسراوەکەی وەزیری داراییدا هاتووە: “هەر بەڕێوەبەر و فەرمانبەرێک لەو بانکانەی تایبەتکراون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ڕێگری و ئاستەنگ بۆ کارمەندانی “هەژماری من” دروست بکات، دووچاری لێپرسینەوە دەبێتەوە”.
جەختیشیکردووەتەوە کە ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر ئەو بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانە دەگیرێنەبەر کە ئاستەنگی بۆ “هەژماری من” دروست دەکەن.
ئەم نووسراوەی وەزیری دارایی دوای ئەوە هات کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بنکەکانی “هەژماری من”ی لە ناوچەکانی ژێر هەژمووی خۆی داخست.