چیرۆکی هێلۆ کیتی دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک بۆ یەکەمجار لەسەر جزدانێکی بچووک دەرکەوت، ئەمڕۆ ڕوخساری بێتاوانی ئەو پشیلەیە لە زۆر بەرهەمدا دەبینرێت، لە سەرچەفی جێگاوە تا جل و بەرگ و کەلوپەل و یاری و بووکەڵە و ڕەنگە لە ڕازاندنەوەی کێک و کوپەکانیشدا بەکاربهێنرێ، هێلۆ کیتی هێمایەکی کولتوورییە کە بەهای براندەکە ملیاران دۆلارە.
سەرەتای پشیلە بەناوبانگەکە
هێلۆ کیتی ناسراو بە “کیتی وایت” بۆ یەکەمجار لە 1ی تشرینی دووەمی ساڵی 1974 نمایشکرا و لەلایەن دیزاینەرێکی ژاپۆنی لە سانریۆ دیزاین کراوە، دیزاینێکی سادە پیشان دەدا کە پێکهاتبوو لە دوو خاڵی ڕەش کە لە چاو دەچوو و سمێڵی تەنک و پێچێکی سوور لەسەر سەری، بێ گوێدانە سادەییەکەی، کارەکتەرەکە سەرکەوتنی جیهانی بەدەستهێنا کە چاوەڕوان نەکراوبوو.
ئەفسانەیەک باس لەوە دەکات کە کێتی کێشی ٣ سێو و باڵای ٥ سێو و پاستای سێوی دایکی زۆر خۆشدەوێت، جێگای سەرسوڕمانە هەندێک کەس بە کارەکتەری کارتۆنی مرۆڤی دەزانن نەک پشیلە، چونکە بە دوو قاچ دەڕوات نەک چوار قاچ.
کورتەی چیرۆکەکەی چۆنە؟
هێلۆ کیتی بەشێکە لە کارەکتەری “کاوای” کە وشەیەکی ژاپۆنییە و بە واتای “نازدار” دێت، بەکاردێت بۆ وەسفکردنی ئەو شتانە یان کارەکتەرانەی کە سیمایەکی جوان یان سەرنجڕاکێشیان هەیە، زۆرجاریش پەیوەستە بە کولتوور و مۆدەی گەنجانەوە لە ژاپۆن.
چەمکی “کاوای” چەندین توخم لەخۆدەگرێت، لە کارەکتەرە کارتۆنییەکانەوە تا دەگاتە جلوبەرگ و دیزاینی هونەری و بە بەشێکی سەرەکی لە کولتوری هاوچەرخی ژاپۆن دادەنرێت.
بە پێچەوانەی زۆرێک لە کارەکتەرە کاوایەکانی تری ژاپۆنی کە تایبەتمەندن بە دەربڕینی هەستەکان، هێلۆ کیتی هیچ دەربڕینێک نیشان نادات، بەو پێیەی دەمی نییە.
کۆمپانیای سانریۆ کە کۆمپانیایەکی ژاپۆنییە و تایبەتە بە دیزاینکردن و دروستکردن و فرۆشتنی کارەکتەرە ئەنیمەییەکان، هێلۆ کیتی بە “دڵخۆش و دۆستانە” وەسف دەکات، ئەو سیفەتانەی کە سەرنجی خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا ڕادەکێشن، ئەمەش وایکردووە کارەکتەرەکە لە چەندین کولتووردا بەناوبانگ بێت.
هێلۆ کیتی یەکێکە لە بەنرخترین براندەکانی جیهان، بەهای براندەکە نزیکەی ٧ ملیار دۆلارە.
ئەم بەهایە لە ڕێگەی کۆمەڵێک بەرهەمی مارکەدارەوە بەدەست دێت، کە بریتین لە جلوبەرگ، یاری، کەلوپەلی ناوماڵ، کەلوپەلی نووسین و زۆر شتی تر.
هێلۆ کیتی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٥ لەسەر جزدانێکی ڤینێل دەرکەوت، لەو کاتەوە، لە هەموو شوێنێک بەردەستە، لەسەر قەڵەم، سەرچەفی جێگا، ئامێرەکان و تەنانەت لە کۆمەڵە تایبەتەکانی دیزاینەردا.
بەرهەمەکانی هێلۆ کیتی لە زیاتر لە ١٣٠ وڵاتدا دەفرۆشرێن، ئەمەش دەستڕاگەیشتن و خواستیان زیاد دەکات.
لە سەرانسەری جیهان یادی 50 ساڵەی لەدایکبوونی هێلۆ کیتی بەڕێوەدەچێت، کاریگەرەکان بەرهەمە دڵخوازەکانی لە سۆشیال میدیا نمایش دەکەن، لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیاش هەوادارانی دەتوانن خۆیان لە جیهانێکی پەمەیی لە مۆزەخانەی سوپەر کان ببیننەوە و دڵخوازترینەکانیان بەدەستبخەن.