كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئاڵۆزی تێكەوت و سوننەكان بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد و بەهۆیەوە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵك و ماڵی هاووڵاتیانی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان دواخرا.
هەر یەكە لە پێكهاتەی كورد و سوننە و شیعە، پڕۆژە یاسای تایبەت بە خۆیان هەیە و بەستویانەتەوە بە یەكەوە، كە بۆ كورد “پڕۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵك و ماڵی ناوچە جێناكۆكەكانە” و بۆ سوننە “پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتییە” و بۆ شیعە “پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای باری كەسێتییە”.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 170 پەرلەمانتار و بە سەرۆكایەتی موحسن مەندەلاوی دەستی پێكرد، بەڵام سوننەكان بەهۆی ناڕەزایەتیان لەسەر پڕۆژە یاساكە بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد و بەوەش نیسابی كۆبوونەوەكە تێكدرا.
دوای بایكۆتی پەرلەمانتارانی سوننە، كەمێك كۆبوونەوەی پەرلەمان دواخرا تاوەكو سەرۆكی بەوەكالەتی پەرلەمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی سوننە كۆبووەوە و دواتر گەڕانەوە بۆ كۆبوونەوەكە، بەڵام بڕیار درا دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایانە دوابخرێت.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) وتی، “هەرسێ بڕگەی گرینگ بەلای كورد و شیعە و سوننە، لە دانیشتنەی ئێستای كاژمێر (٥)ی ئێوارە هەڵگیرا بۆ ڕۆژانی داهاتوو”.
وتيشى، هەریەك لە پڕۆژە یاسای (گێڕانەوەی موڵك و ماڵی ناوچە جێناكۆكەكان بۆ هاووڵاتیانی ڕەسەنی خۆی) و (یاسای باری كەسێتی) و (یاسای لێبوردنی گشتی) و (یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەكانی حەشدی شەعبی) دواخرا بۆ دانیشتنەكانی داهاتوو.
ڕاشیگەیاند، تەئكید دەكەینەوە، مومكین نیە سازش بكەین و لێبگەڕێین بڕگەی هەڵوەشانەوەی (تعریب)ی ڕژێمی بەعس پشتگوێ بخرێت، هیچ لەم سێ بڕگەیەی سەرەوە بەبێ یەكتر ناكرێت تێپەڕێ.
جەختیشی كردەوە، مەرجی كورد ئەوەیە، كە دەبێت هەرسێ یاساكە بە یەك پاكێج بێت لە كۆبوونەوەی پەرلەمان و یەكەم بڕگەش ئەو پڕۆژە یاسایەی تایبەت بە كورد بێت، كە بەهۆیەوە بڕیارەكانی حزبی بەعس هەڵدەوەشێنێتەوە.