گوندی کەلاچی کە دەکەوێتە ٣٠٠ میل لە شاری ئاستانەی کازاخستانەوە، لەم گوندەدا دانیشتووان لەناکاو بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە خەوێکی قوڵدا خۆیان بینیەوە .
لە بەهاری ساڵی ٢٠١٣ لە شاری کەلاچی کە گوندێکی ٦٤٠ کەسییە، بۆ یەکەمجار لە کۆتایی هەفتەدا زیاتر لە ١٠٠ کەس پاش نەخۆشکەوتنیان چوونە خەوێکی قوڵەوە و دواتر و پاش بە ئاگا هاتنیان، بە هیچ شێوەیەک هیچیان لەبیر نەمابوو.
یەکێک لە دانیشتوانی گوندەکە بە ئۆتۆمبێلەکەی دەچووە دەرەوە بۆ نزیکترین شوێنی شارۆچکەکەیان تا کار و ئەرکەکانی بەڕێوە ببات، بەڵام نەگەیشتە شوێنی مەبەست، دوای ٤ ڕۆژ خەوتن، خۆی لە نەخۆشخانە دەبینێتەوە، ئەو کەسە لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا خەو زۆری بۆ هێنابوو، هەرچەندە ئەمە یەکەم جاری نەبوو، بەو پێیەی جارێکی تر بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لەسەریەک خەوی لێکەوتبوو.
ئەوانەی خەویان لێکەوتبوو، تووشی نیشانەکانی وەک سەرگێژخواردن، سکچوون، سەرئێشەی توند، لەدەستدانی یادەوەری و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بوون، کە بۆ ماوەی ٦ هەفتە دوای ڕووداوەکە ئەم نیشانانە بەردەوام بووە تیایاندا.
بۆ ماوەی دوو ساڵ زانایان و پزیشکان وێڵ بوون بە دوای راستی ئەم رووداوە لەکاتێکدا پشکنینیان بۆ زیادبوونی ئاستی تیشکدانەوە، ئۆکسیدی کاربۆن، ڕادۆن و کۆبوونەوەی خوێیە کانزایە قورسەکان کە ئەگەری ژەهراویبوونی هەیە ئەنجامدا.
ئەوان زیاتر لە ٢٠ هەزار پشکنینیان ئەنجامدا، پشکنینی هەوا، خاک، ئاو و خۆراک و هەروەها ئاژەڵ و کەرەستەی بیناسازیی و تەنانەت پشکنینیان بۆ دانیشتووانی گوندەکە کرد، پێیانوابوو حاڵەتێکی دەروونی بەکۆمەڵیان تووش بووە.
بەو پێیەی هیچ ڕاستییەکی زانستی یەکلاکەرەوە لەبەردەستدا نییە، زۆرێک لە دانیشتووان پێشبینی دەکەن کە سەرچاوەی کێشەکە کانێکی یۆرانیۆمی جێهێڵراوی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت بێت کە دەکەوێتە نزیک گوندەکە.
بەرپرسان هیچ بژاردەیەکیان نەبوو جگە لە گواستنەوەی دانیشتوانی کەلاچی و نیشتەجێکردنیان لە گوندەکانی دیکە، لەوێ ماڵی نوێ و هەلی کاریان پێشکەش کرا.
زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی گوندەکە ڕوویان لەو گوندە نوێیانە کرد، هەندێکی تریش ئامادە نەبوون ماڵ و گوندەکەیان بەجێبهێڵن.
لەو کاتەدا، خەوی بەکۆمەڵ هەموو تەمەنییەکانی بە منداڵ و گەورەوە گرتەوە، و بووە هۆی ئەوەی منداڵان خەونی کابوساوییان هەبێت کە تیایدا ئەسپی باڵدار و مار لە جێگاکانیاندا دەبینن، هەروەها کرم و مارەکان دێن بۆیان.
لە ئەنجامی بەردەوام بوون لە خەوتن، زۆرێک لە منداڵان وازیان لە خوێندن هێنا و خێزانەکانیان لە ترسی منداڵەکانیان یەکەم کەس بوون کە لە گوندەکە کۆچیان کرد.
دوای زیاتر لە ٧٠٠ ڕۆژ لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ زانینی هۆکاری تووشبوون بە حاڵەتی خەوتن لەو گوندە، حکومەتی کازاخستان رایگەیاند؛
دوای شیکردنەوەی ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکانی تەواوی دانیشتووان، توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە هۆکاری خەوتنی لەناکاو بریتییە لە بەرزبوونەوەی ئاستی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و هایدرۆکاربۆن لە هەوادا.
حکومەت ڕوونیشیکردەوە، سەرەڕای داخستنی کانەکانی یۆرانیۆم، ئاستی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوای گوندەکەدا بە بەرزی ماوەتەوە و کەمی ئۆکسجین هەیە، ئەمەش هۆکاری ڕاستەقینەی پشت دۆخە کتوپڕەکانی خەو لێکەوتنە لەو گوندەدا.