پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لە هەوڵدان بۆ کردنەوەی لقی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین لە سلێمانی و دەشڵێت، کردنەوەی ئەو دوو بانکە مۆڵەتی حکومەتی هەرێمی ناوێت.
کاروان یاروەیس، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: هەوڵەکان لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق بەردەوامن بۆ کردنەوەی لقی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین لە پارێزگای سلێمانی.
کاروان یاروەیس وتیشی: “کردنەوەی ئەو دوو بانکە لە ژێر ڕێنمایی بانکی ناوەندی عێراقدایە و بۆ کردنەوەیان پێویست بە مۆڵەتی وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێم ناکات”.
ئەوەشی خستەڕوو: کردنەوەی لقی ئەو دوو بانکە هاوکار دەبێت بۆ کردنەوەی کارت بۆ مووچەخۆران بەمەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان.
کاروان یاروەیس ئەوەشی زیاد کرد، لە گرنگی و خەسڵەتەکانی ئەو دوو بانکە ئەوەیە دەتوانرێت قەرزەکانی خانووبەرەو هەر قەرزێکی تایبەت لەو دوو بانکە بدرێتە هاووڵاتیان و مووچەخۆران.
هاوکات دوێنێ ماڵپەری (بەغداد الیوم) ڕایگەیاند، ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی لقی بانکی رافیدەین و رەشید لە پارێزگای سلێمانی دراوە.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، شوێنەکە لە سەر شەقامی 60 مەتری دەبێت.