چی لەبارەی هێز و توانای بەرگری ئێران و ئیسرائیل دەزانیت؟



ئەم بابەتە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، تێڕوانینێکی کورتە لە هێزی ئاسمانی ئێران و ئیسرائیل و توانای بەرگریکردنیان لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکان و هەڵسەنگاندنێکە بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردنی هەریەکێک لەم دوو وڵاتە لە هێرشە ئاسمانییە دوور مەوداکان و لە دژی ئەو هێرشانە.

هێزی ئاسمانی ئێران
دامەزراوەی نێودەوڵەتی لەندەن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕایدەگەیەنێت، هێزی ئاسمانی ئێران 37 هەزار ئەندامی هەیە. بەڵام ئەو دامەزراوەیە ڕایگەیاندووە کە سزا نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تا ڕادەیەکی زۆر دەستڕاگەیشتنی ئێرانی بە نوێترین کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو بڕیوە.

هێزی ئاسمانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها دەیان فڕۆکەی هێرشبەری چالاکی هەیە، لەوانە فڕۆکەی ڕووسی و فڕۆکەی کۆنی ئەمەریکا کە پێش شۆڕشی ئیران کڕدراون.

بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی نێودەوڵەتی لەندەن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، کۆماری ئیسلامی خاوەنی 9 فڕۆکەی جەنگی F4 و F5 و فەوجێکی فڕۆکەی سوخۆی 24ی دروستکراوی ڕووسیا و ژمارەیەک فڕۆکەی MiG-29، F7 و F14ی هەیە.

لە لێدوانی بەرپرسانی سوپاسالاری ئێرانەوە دەردەکەوێت کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشە ئاسمانییەکنیاندا پشتیان بە فڕۆکەکانی سوخۆ بەستووە.

وابەستەیی هێزی ئاسمانی ئێران بەو فڕۆکانەی لە ساڵانی شەستەکاندا بەرهەم هاتوون، لاوازی هێزی ئاسمانی ئێران لەم بوارەدا نیشان دەدات.

هەروەها ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە کە تەنها بۆ تەقینەوە دروستکراون.

شرۆڤەکاران ژمارەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بە هەزاران مەزەندە دەکەن، ڕووسیا چەندین جار لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بۆ سەر دامەزراوەکانی ئۆکرانیا و ژێرخانی شارەکانی ئەو وڵاتە، بەشێک لەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی بەکارهێناوە.

هەروەها شرۆڤەکاران پێیان وایە ئێران زیاتر لە سێ هەزار و 500 موشەکی زەوی بۆ زەوی هەیە کە هەندێکیان توانای هەڵگرتنی نیو تۆن تەقەمەنی جەنگیان هەیە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە ژمارەی ئەو مووشەکانەی کە دەتوانن بگەنە ئیسرائیل لەم ژمارەیە کەمتر بێت.

هێزی بەرگری ئێران
هێزی بەرگریی ئێران لەسەر تێکەڵەیەک لە مووشەکی سەرزەوی بۆ ئاسمانی و سیستەمی بەرگری ڕووسیا و سیستەمی بەرگری ناوخۆیی دامەزراوە.

ئێران لە ساڵی 2016 سیستەمی “S300″ی لە ڕووسیا وەرگرت، ئەم سیستەمە مووشەکی دوور مەودای ڕووکار بۆ ئاسمان لەخۆدەگرێت کە هێزی ئەوەیان هەیە لە یەک کاتدا لەگەڵ چەندین ئامانج، لەوانە فڕۆکە و مووشەکی بالیستیک ڕووبەڕوو ببێتەوە.

هەروەها تاران سەکۆی مووشەکی ڕووکار بۆ ئاسمانی “باوەڕ-“373ی هەیە، ئەم سیستەمە هاوکاتە لەگەڵ سیستەمی بەرگری سەیاد و ڕەعد کە لە ئێران بەرهەم دەهێنرێن، بەشێک لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی کۆماری ئیسلامی پێکدەهێنن.

دوای هێرشی ڕۆژی شەممەی ئیسرائیل و ڕاگەیاندنی هەڵسەنگاندنەکان لەم بوارەدا، پێویستە بزانین بەرگری ئاسمانی ئێران چۆن لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەڵسوکەوتی کردووە و ئایا ئەم سیستەمە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلیان هەیە یان نا.

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل

ئیسرائیل هێزێکی ئاسمانی پێشکەوتووی هەیە کە بریتین لە فڕۆکەی جەنگی فرە مەبەستی F15، F16 و F35؛ ئەمەریکا ئەم فڕۆکانەی بۆ ئەو وڵاتە دابین کردووە.

ئەم فڕۆکەوانانە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە ئێران لە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل بەکاری هێنان.

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری دوور مەودای نییە، بەڵام وڵاتەکە خاوەنی فڕۆکەکانی بۆینگ 707 کە وەک تانکەری گەیاندنی سووتەمەنی کاردەکەن، ئەم تانکەرانە یارمەتی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل دەدەن بۆ گەیشتن بە ئاسمانی ئێران.

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا کاتێک فڕۆکە شەڕکەرەکانی ناوچەکانی نزیک بەندەری حودەیدەی یەمەنیان بۆردومان کرد توانای خۆی بۆ بەئامانجگرتنی ئامانجە دوور مەوداکان دەرخست.

لە لایەکی ترەوە ئیسرائیل لە بواری تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاستێکی بەرزدایە وخاوەنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرۆنە کە دەتوانێت زیاتر لە 30 کاتژمێر بفڕێت، ئەم توانایە بەسە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی لە ئێران.

هەروەها چەکی زیرەکی وەک “دەلیل” هەیە کە مەودای نزیکەی 250 کیلۆمەتر دەبڕێت، ئەم چەکە هەرچەندە ناگاتە ناوچەی کەنداو کە ئێرانی تێدایە، بەڵام هێزی ئاسمانی دەتوانێت ئەو مەودایە کەم بکاتەوە، ئەمەش بە گواستنەوەی شوێنی هەڵدانی ئەم تەقەمەنیانە بۆ سنووری ئێران.

چەکی زیرەک جۆرێکە لە مووشەکی ئامانجدار کە تایبەتمەندی هاوبەشی لەگەڵ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەیە و دەتوانێت بۆ ماوەیەک لە ناوچەی ئامانجەکەدا بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە و دواتر ئامانجەکە بپێکێت.

دەوترێت ئیسرائیل موشەکی دوور مەودای سەر زەوی بۆ زەوی پەرەپێداوە، بەڵام ئەمە پشتڕاست نەکراوەتەوە و ڕەتیش نەکراوەتەوە.

هێزی بەرگری ئیسرائیل
ئیسرائیل خاوەنی سیستەمێکی بەرگری فرە لایەنە کە بە هاوکاری ئەمەریکا لە دوای شەڕی کەنداوەوە لە ساڵی 1991 پەرەی پێدراوە، ئەم سیستەمە چەندین بژاردەی بۆ ئیسرائیل دابین کردووە بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی و مووشەکی دوور مەودا.

سیستەمی ” Arrow 3″ کە بەرزترین بەشی ئەم سیستەمەیە، مووشەکەکانی بالیستیک لە ئاسماندا دەبڕێت. مۆدێلە کۆنەکەی “Aero 2″ لە بەرزییەکی کەمتردا کاردەکات.

هەروەها سیستەمی بەناو ” David’s Sling” ی هەیە کە بۆ ڕێگریکردن لە مووشەکی بالیستی و کروز دروستکراوە.

لە هەمان کاتدا “گومەزی ئاسنین”ی هەیە کە بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەک و هاوەنەکانی کورت مەودا دروستکراوە کە لەلایەن گروپە کانی سەر بە ئێران هەڵدەدرێن.

لە ڕووی تیۆریەوە ئەم سیستەمە تەنانەت دەتوانێت لە دژی مووشەکی بەهێزتر بەکاربهێنرێت کە لەلایەن سیستەمەکانی دیکەوە ڕێگرییان لێناکرێت.

هەروەها “گومەزی ئاسنین” دیاری دەکات کە ئایا مووشەکەکە لە ناوچەیەکی دانیشتووان دەدات یان نا و ئەگەر دەستنیشانی بکات مووشەکەکە لە شوێنی دانیشتوان نادات، پشتگوێ دەخرێت و ڕێگەی پێدەدرێت بکەوێتە خوارێ.

سیستەمەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەک داڕێژراون کە بە سیستەمی چاودێری هاوشێوەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ببەسترێتەوە بۆ ئەوەی بەرگرییەکی هاوپەیمانی بەرزتر دابین بکات.

ڕۆژی دووشەممە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، سیستمی پێشکەوتووی دژە مووشەکی تاد و نزیکەی 100 سەربازمان بۆ ڕێنوێنیکردنی لە ئیسرائیل جێگیرکردووە.

تاد بەشێکی گرنگی بەرگری ئاسمانی سەربازی ئەمەریکایە و بۆ ڕێگریکردن و لەناوبردنی هەڕەشەکانی مووشەکی بالیستیکی مەودای کورت و مەودای مامناوەند و دوور مەودا داڕێژراوە.

دوای هێرشی ئێران بە 181 مووشەکی بالیستیک لە یەکی مانگی دە، حکومەتی ئەمەریکا بڕیاریدا سیستەمی تاد لەو وڵاتەدا جێگیر بکات.

سەرچاوەکان/ ڕۆیتەرز/ ڕادیۆ فەردا

دۆلار بۆ بەشێكی هاووڵاتیانی هەرێم كرا بە 132 هەزار
پێت دۆلار بۆ بەشێكی هاووڵاتیانی هەرێم كرا بە 132 هەزار
ڕووداوێکی هاتووچۆ پێنج برینداری لێکەوتەوە
دوات ڕووداوێکی هاتووچۆ پێنج برینداری لێکەوتەوە
پەیوەندیدر