فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق: هەژماری من بوو بە ڕابردوو



فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق چارەنووسی هەژماری من لە حکومەتی هەرێم دیاریدەکات و دەڵێت”هەژماری من بوو بەڕابردوو و شتێك نەماوە بەو ناوەوەو رێگا راستەكەش كردنەوەی نووسینگەی بانكە فیدراڵییەكانە لەهەرێم”.

سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق بەوێبسایتی رەسمی یەكێتی ڕاگەیاندووە، “لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان كە سبەینێ 27-10، پاش سێ هەفتە یەكەم دانیشتن بەڕێوەدەچێت، وەك فراكسیۆن هەوڵەكانمان چڕتر دەكەینەوە بۆ تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم”.

راشیگەیاند، “هەژماری من پڕۆژەیەكی شەخسییەو تەواو پێچەوانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە، فراكسیۆنەكەشمان بەئەركی خۆی دەزانێت لەپێناو كۆتایی هاتنی دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هەوڵی جددی تر بدات بۆ ئەوەی بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، كەچاوەڕواندەكرێت تا كۆتایی ساڵ بتوانین چارەسەری ئەو كێشەیە بكەین”.

هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە”هەژماری من بوو بەڕابردوو، شتێك نەماوە بەو ناوەوە و كۆتایی هاتووە، لەكاتێكدا پێویستە تاكۆتایی ساڵ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لەیەكێك لەبانكە حكومییەكانی عیراق تەوتینیان بۆبكرێتەوە.”

لەلایەکی ترەوە غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكێتی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەهەوڵداین وەك فراكسیۆنی یەكێتی لقەكانی بانكی بەغدا بهێنینە كوردستان، هاوكات ئامادەكاریمان كردووە ئەو پرسە بخەینە دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە و هەوڵدەدەین رێكارەكانی هاتنی لقی بانكەكانی رەشید و رافیدەین بۆ هەولێر و سلێمانی تەواوبكەین، بەمەش مووچەخۆرانی هەرێم دەتوانن لەڕێگەی ئەو بانكانەوە هەژماری بانكی بكەنەوە.

ماوەی نزیکەی ساڵێک دەبێت دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیارێکی لەبارەی گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەرکرد و هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی پابەندکرد بە جیاکردنەوەی مووچە لە ململانێ سیاسییەکان و دابینکردنی پارەی پێویست، هاوکات بۆ بە کرداریکردنی ئەو بڕیارە بڕیاردرا سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی تەوتین لە بانکە حکومەییە عێراقییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی عێراق تۆماربکرتێن و لەلایەن بانکە فیدڕاڵییە عێراقییەکانەوە هەژماری بانکیان بۆ دروستبکرێت و ڕاستەوخۆ لەو هەژمارەوە مووچەکانیان وەربگرن، بەڵام گرفتی سەرەکی بەردەم ئەم پرۆژەیە ڕەزامەندی نەدانی حکومەتی هەرێمە بەو هەنگاوە، لە بەرامبەر ئەوەشدا حکومەتی هەرێم دەیەوێت مووچەخۆران لە ڕێگەی هەژماری-من مووچەکانیان وەربگرن و ناکۆکییەکانیش تا ئەم ساتە بەتەواوی چارەسەر نەکراوە.

گرفتەکەش لەوەدایە ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆژەی “هەژماری من” بانکی حکومی نین و تەنها بانکی “تی بی ئای” لەناو پرۆسەکەدایە، بۆیە وەزارەتی دارایی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی لەڕێگەی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بکرێتەوە.

یەكگرتوو بۆ چوونە ناو كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا
پێت یەكگرتوو بۆ چوونە ناو كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا
سەرۆکایەتی هەرێم پەیامێك ئاڕاستەی ئێران و ئیسڕائیل دەكات
دوات سەرۆکایەتی هەرێم پەیامێك ئاڕاستەی ئێران و ئیسڕائیل دەكات
پەیوەندیدر