پەرلەمانی عێراق لەسەر سێ یاسای پڕ لە كێشە و ناكۆكی هەر سێ پێكهاتەی سەرەكی عێراق “كورد و سوننە و شیعە” كردەبێتەوە و بڕیارە دەنگیش لەسەر یاسای خزمەت و خانەنشینی بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی بدرێت.
غەیب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ڕۆژی یەك شەممە دیاری كرا بۆدەنگدانی كۆتایی لەسەر هەرسێ پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەردەمی بەعس تایبەت بە تەعریب لە كەركوك و دەوروبەر و گێڕانەوەی زەوییەكان بۆ خاوەنە كوردەكان و توركمانەكان.
ڕاشیگەیاند، دوو پڕۆژە یاساكەی دیكە بریتین لە لێبوردنی گشتی بۆ بەندكراوانی سوننە، كە سەرووی ٢٠ هەزار بەندكراوی 20 ساڵی ڕابردوو دەگرێتەوە و هەروەها پڕۆژە یاسای باری كەسێتی “هاوسەرگیری پێشوەختە”، كە پڕۆژەی لایەنی شیعەیە.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە ڕۆژی یەک شەممە لە كاتژمێر 1ی دوانیوەڕۆ ئەنجام بدرێت، دەنگ لەسەر پێنج پڕۆژە یاسا دەدرێت، یەکێك لەوانەش پڕۆژە یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەكانی حەشدی شەعبییە.
پەرلەمانی عێراق تا ئێستا دوو خوێندنەوەی بۆ هەموواری یاسای باری کەسیی کردووە، بە خوێندنەوەی سێیەم هەموار دەکرێتەوە، چاودێران و چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنانیش پێیان وایە هەموارکردنەوەی یاساکە عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ دەیان ساڵی ڕابردوو.