لەیلا زانا، سیاسەتمەداری باكووری كوردستان، دوای دیدارەكەی ئیمرالی، دەڵێت: تروسكایی ئومێد دەركەوت بۆ هەموو ئەوانەی هاوار لە دژی جەنگ دەكەن.
لەیلا زانا، دوای سەردانیی عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەكەكە پەیامێكی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “تروسكایی ئومێد دەركەوت بۆ هەموو ئەوانەی هاوار لە دژی توندوتیژی و جەنگ دەكەن. سڵاو لە چاوەڕوانكارانی ئاشتی، چاومان روون.”
وتوشیەتی، “ئێمەی تینوانی ئاشتی، لە پشتی ئەو كەسانە دەوەستین، كە بەبێ هیچ چەندوچونێك هەوڵدەدەن ئەم پێشهاتانە بگۆڕن بۆ رێگەچارەیەكی دیموكراسی لە ئاستی یاسایی و سیاسیدا.”
ئاماژەی بەوەشداوە، “ئەوانەی تۆوی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێنن دەبێت بزانن، كە ئێمە بەردەوامی بە ئاودانی ئەو تۆوانە دەدەین.”
جەختیشی كردۆتەوە “پرسەكە، پرسێكی قوڵ و مێژویی و سەختە. هەموومان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژویی قوڵ و جددیداین بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگێك، كە لانیكەم یەك سەدەیە بەردەوامە.”
لەیلا زانا لە كۆتایی پەیامەكەیدا ئومێدی خواستوە “بەرهەمداربن ئەو تۆوی ئاشتییانەی، كە چەند دەیەیەك لەمەوبەر چێندراون و ئایندەمان ئازاد بێت.”