ئەبرو گونای وتەبێژی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، لەبارەی بڕیاری دادگای دەستووری توركیا بۆ بڕینی بودجەی ئەو پارتە كوردییە، ڕایگەیاند ” وەك هەموو ڕایگشتی گوێمان لە بڕیارەكەی دادگای دەستووری گرت، كە نایاسایی و سیاسییە. لەو ڕۆژەوەی باسی داخستنی پارتەكەمان دەكرێت، لەسەر راگەیاندنەكان لەدژمان هەڵمەتێك دەستیپێكردووە. ئێمەش لە میدیاكانەوە زانیاریمان دەستكەوت كە لەدژی پارتەكەمان سكاڵا تۆماركراوە، وەك دوایین ئۆپەراسیۆنە سیاسییەكان و سەپاندن و فشارەكان، لە ڕۆژنامەكانەوە زانیمان كە دادگای دەستوور بڕیاریداوە بودجەی سێیەم گەورەترین لایەنی توركیا كە پشتیوانی گەنجینە وەردەگرێت، بلۆك بكات”.
ئەبرو گونای لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیستەنبوڵ ڕایگەیاند “ئێمە لە هیچ بڕیارێك سەبارەت بەم داواكارییە ئاگادار نەكراینەوە، هیچ لێدوانێكی فەڕمی و بڕیارێكی دادگای دەستووری نییە، ئێمە لەبەردەم هەڵمەتێكی چەواشەكاریداین، دادگای دەستووری بڕیارێكی تەواو سیاسی و شەرمەزاركەری واژۆ كرد كە بەتاڵە لە بنەما یاساییەكانو گورزێكی تر لە سیاسەتی دیموكراسی درا”.
دەشڵێت “دوژمنایەتی دەسەڵات لەبەرامبەر سیاسەتی دیموكراسی، هۆكاری ئەم بڕیارەیە، ئەم بڕیارە كە لە ئێستاوە بووەتە نیشانەیەكی ڕەش لەسەر مێژووی دادگا، توڕەیی خەڵكی لە دژی حكومەت زیاتر كرد و متمانە و ئیرادەی گەلی زیاتر كرد، با كەس گومان نەكات؛ لە كۆتاییدا سەردەكەوین و گەلانی توركیا سەردەكەون”.
ڕوونیشیكردەوە “دوای ئەوەی دادگای باڵا داواكاری پێشووی داواكاری گشتی بۆ بلۆككردنی هەژماری پارتەكەمان ڕەتكردەوە، دادگای دەستووری كە پێشتر دووجار ڕەتیكردبووەوە، ئەمجارەیان بەرەنگاری فشارە سیاسییەكان نەبووەوە، ئەمەش وێنەی شەرمەزاری لە مێژووی دادگاكەدا زیاتر كرد و بڕیاری لەسەر بلۆككردنی هەژماری سێیەم گەورەترین پارتی لە توركیادا”.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات “ئەو بنەما یاساییانەی بڕیار بوو دادگای دەستوور جێبەجێی بكات، پێشێلكران، ئەم بڕیارە ناڕەوایە، هیچ ڕەوایەتییەكی بۆنییە، لەلایەن گەلانی توركیاوە شەرمەزار دەكرێت، بڕیارێكی قبوڵنەكراوە، دەبوو دادگای دەستووری بێ ئەوەی هیچ ڕێوشوێنێك بگرێتەبەر، داواكارییەكی نایاسایی لەو شێوەیە ڕەتبكردایەتەوە، هەموو ڕایگشتیی توركیا زۆر باش دەزانن كە لە چەند مانگی ڕابردوودا فشارێكی سیاسی زۆر جددی دروست بووە لە دژی پارتەكەمان، دادگای دەستووری بەپێی ئەو فشارە سیاسییانە بڕیاریدا، ئەمڕۆ دادگای دەستووری بووەتە ئامڕازی پڕۆسەی هەڵبژاردنی دەسەڵات”.
وتەبێژی هەدەپە دەڵێت “ئەم بڕیارە لە ویژدانی ملیۆنان كەسدا پووچەڵە، گەورەترین گەنجینەی ئێمە هیوای گەلەكەمانە بۆ گۆڕانكاری، ئیرادە و باوەڕی لە دڵیاندایە، ئەم بڕیارە ئێمە ناترسێنێت، بە پێچەوانەوە توڕەییمان لە دژی فاشیزم زیاتر دەكات. ئێمە دڵسوزانەتر و بە ئیرادەتر تێدەكۆشین. ئێمە هیوامان بە داهاتوو هەیە، چونكە ئێمە گەورەتر دەبین. بە دڵنیاییەوە ئازادی و دیموكراسی بۆ ئەم هەرێمە دەهێنین. بە دڵنیاییەوە لەم بوارەدا سەردەكەوین، گەلی توركیا سەردەكەوێت، حوكمڕانی فاشیست و ستەمكار بە دڵنیاییەوە لەناو دەچێت”.
دەشڵێت “لێرەدا جارێكی تر دەڵێین؛ هەدەپە هیوای گەلانی توركیایە، ئایندەی گەلانی توركیایە، هیچ فشار و هێزێك ناتوانێت بمانترسێنێت، بە دڵنیاییەوە سەردەكەوین و دەیگۆڕین. پێویستە گەلەكەمان، هەڤاڵانمان و دوژمنانمان ئەمە بزانن. هەدەپە؛ ئەم پارتەیەیە كە ئایندەیەكی دیموكراسی لە توركیادا بنیات دەنێت. حزبێكە كە بە دڵنیاییەوە فاشیزم تێكدەشكێنێت.”