ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە 1% لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە، هۆکاری ئەم بەرز بونەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.
هەروەها بەهای دۆلار لەکاتی مامەڵەکانی ئەمڕۆدا بەرزبووەتەوە، لەگەڵ بەردەوامی کاریگەرییەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و ناڕوونی لەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هەیە لەئەنجامی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هاوکات نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 82 سەنت بەرزبووەوە، کە دەکاتە 1.09% و گەیشتە 75.87 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش لەکاتێکدایە ناکۆکیەکان تا بێت ڕوو لە زیاد بوونە لە نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان، کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بەو سامانەو ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر بەرزبونەوەی نرخەکەی.
نرخی نەوتی خاو تا ئێستا لەم هەفتەیەدا نزیکەی 4% بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەشدارە لە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی هەفتەی ڕابردوو، کە زیاتر لە 7% بووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا پێشتر ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندبوو، لە هەفتەی کۆتایی 18ی تشرینی یەکەمدا، کۆی نەوتی خاو بە ڕێژەی 505 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 426ملیۆن بەرمیل، کە زیاترە لە پێشبینییەکانی پسپۆڕان.
لە کاتی نووسینی ڕاپۆرتەکەدا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە ڕێژەی 0.65% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 2733.43 دۆلار و دوێنێ چوارشەممە نرخی زێڕ گەیشتبووە ئاستێکی پێوانەیی و بە 2758.37 دۆلار، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئەو کانزا زەردە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە گرژی لە ئەمریکا هەیە بەهۆی هەڵبژاردنەکان و و ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کێبڕکێ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان و کاملا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان گەرمتر دەبێت، کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ دەنگدانەکە کە بڕیارە 5ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهای دۆلار لە نزیک بەرزترین ئاستی ٣ مانگدا مایەوە بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە، ئەمەش پشتگیریی چاوەڕوانییەکانی خاوتربوونی خێرایی کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود لەلایەن بانکی فیدراڵی (ناوەندی ئەمریکا) و زیادبوونی ئەگەرەکانی بردنەوەی ترەمپ بۆ خولی دووەم .
لە ئەنجامدا، داهاتی گەنجینەی ئەمریکا لە ماوەی ١٠ ساڵدا بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی ٣ مانگدا کە ٤.٢٦% بوو لە شەوێکدا.