سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی بە هۆزە باڵادەستەکانی پارێزگای واست دا و وتی” بڕیاری جەنگ لەدەست دەوڵەتە و هەرکەس سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی دەوڵەت بۆتەوە”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگاری واست، لەگەڵ کۆمەڵێک شێخی عەشایەری و کەسایەتییە دیارەکانی سەرتاسەری پارێزگاکە کۆبووەوە، و ڕایگەیاند، ڕۆڵی عەشیرەتەکان لە پاڵپشتیکردنی دەوڵەت بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا کە پێیدا تێدەپەڕێت گرنگە، و دەبێت بەتەواوەتی پشتیوانی دەوڵەت بکەن بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاستەنگییەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاری شەڕ و ئاشتی لەلایەن دەوڵەتەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت لەگەڵ دامەزراوە دەستوریەکانی، و هەرکەسێک سەرپێچی بکات ئەوا ڕووبەڕووی دەوڵەت بۆتەوە و لە دەستوور و یاسا لایداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەکان لە سەرووی هەموو ڕەچاوکردنێکەوەیە”.
جێی باسە لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە دوای هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل گروپە چەکدارەکانی عێراق چەندین هێرشیان بۆسەر ئیسرائیل و هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق ئەنجامدا، هاوکات دوای پەرەسەندنی گرژییەکان لە لوبنان و هیرشی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵای لوبنان، بەشێک لە گروپە چەکدارەکانی عێراق هێرشی ڕاستەوخۆیان کردە سەر ئیسرائیل و بەمەش دۆخەکە ئاڵۆزتربوو، لەلای خۆشیەوە ئیسرائیل هەڕەشەی لە گروپە چەکدارەکانی عێراق کرد بەوەی هێرشی توندیان دەکاتە سەر و وەڵامی توندیان دەبێت.
لای خۆشیانەوە چاودێران پێیان وایە بەم جۆرە کردەوانە عێراق دووچاری پەلکێشکردن بۆ شەڕێک دەبێتەوە کە خۆنەویستە و زیانێکی گەورە بە عێراق دەگەیەنێت، ئەگەر حکومەت نەتوانێت سنوورێک بۆ کردەوەی ئەو گروپانە دیاریبکات.