ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق وادەی دەنگدان لەسەر هەمواری پرۆژە یاسای باری کەسێتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت” دوو بڕگەی تریش دەنگی لەسەر دەدرێت”.
عەریب ئەحمەد ئەندام پەرلەمانی عێڕاق ڕایگەیاند، ڕۆژی یەك شەممە 27ـی تشرینی یەکەم دیاریکراوە بۆ دەنگدانی كۆتایی لەسەر سێ پرۆژە یاسای کە پێشتر مشتومڕی زۆری لێکەوتۆتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بڕگانەی کە بڕیارە پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدات بریتین لە:
١- هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەردەمی بەعس تایبەت بە تەعریب لە كەركوك و دەوروبەر و گێڕانەوەی زەویەكان بۆ خاوەنە كوردەكان و توركومانەكان.
٢- لێبوردنی گشتی بۆ بەندكراوانی سونە سەروی ٢٠هەزار بەندكراوی دوو دەیە
٣- زەواجی پێشوەختە كە پڕۆژەی برادەرانی شیعەیە (احوال شخصي)
ماوەی چەند مانگێکە هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 بۆتە گرفتێکی نوێی ناو پەرلەمانی عێراق و ناکۆکی توندی لە نێوان لایەنەکان و مەزهەبەکان دروست کردووە، بەو پێیەی شیعەکان زوو دەیانەوێت ئەو یاسایە تێپەڕێنن و شەقامی ناوخۆیی و عێراقیش بە توندی دژی وەستاونەتەوە، هۆکارەکەش ئەوەیە بەشێک لەو چالاکوانان و ڕێکخراوانە پۆییان وایە ئەم هەموارە وەک بۆمبێکە و مافی ژن و مرۆڤبوون لە ئافرەتان دەسێنێتەوە.
بەپێی هەمواری یاساکە ڕێگە دەدرێت لەکاتی هاوسەرگیری کەسەکان مەزهەبی خۆیان تۆمار بکەن و دواتر بەپێی ئەو مەزهەبە پەیڕەوی بڕگەکان بکەن، کەبەشێک لەو مەزهەبانە ڕێگە دەدەن پیاوان بەبێ گەڕانەوە بۆ ژنەکانیان ژنی دووەم بێنن تەنها بە ڕەزامەندی دادوەر ، هاوکات ماوەی بەپێی هەموارەکە کچان دەتوانن لە تەمەنی خوار 15 ساڵی و کوڕان لە تەمەنی 15 ساڵییەوە هاوسەرگیری بکەن.