تەزویر کێشە نییە، دەزانن کێشەکە چییە؟



شێرکۆ کرمانج

چارەسەری کێشە بە دیاریکردنی کێشە دەست پێ دەکات، ڕێک وەک ئەوەی چۆن چارەسەری نەخۆشی بە دەستنیشان کردنی هۆکاری پشت نەخۆشییەکە دەست پێ دەکات. ئەوەی ئەلفوبێی سیاسەت و تەندروستی بزانێت ئەو ڕاستییە دەزانێت. بۆیە بەڕاستی قسەکردن لەسەر تەزویر مایەپووچ و بێ بنەمایە چونکە جەوهەری کێشەی دیموکراسی لە هەرێم، لە عێراق و لە تەواوی ناوچەکە (وەک وڵاتانی ئێران، میسر و تورکیا و ڕووسیا) گرفت یان بوونی تەزویر نییە بەڵکوو کێشەگەلێکی دیکە کە بوون بە ڕێگر لەپێش گەشەی دیموکراسی. لەم کورتەبابەتە بەسەرپێی قسە لەسەر هەندێکیان دەکەین.

ئەوەی هەڵبژاردن لە کوردستان و کۆمەڵێک وڵات نادیموکراسی دەکات، پرسی تەزویر نییە، چونکە نەک لەم هەڵبژاردنە بەڵکو لە هەموو هەڵبژاردنەکان، ئەوکاتانەی کە بەخەستی تەزویر دەکرا، تەنیا بای چەند کورسییەک دەکرا تەزویر بکرێت، بەگشتی دەکرێت بڵێین، لە کەمترین حالەت کورسییەک و لە زۆرترین حالەت پێنج کورسی لەو ١٠٠ کورسییەی پەرلەمانی کوردستان بە تەزویر دەبردرانەوە.

ئەوەی وا لە هەندێک کەس بکات پەنا بۆ تیوری پیلانگێڕیی، یان تەزویر و ساختەکاری ببات، ئەوەیە کە ئەوانە پێیان وایە پارتی و یەكێتیی جەماوەریان نییە، مادام جەماوەر و دەنگدەریان نییە، ئەدی ئەوە چۆنە هەموو جارێک زۆرینەی کورسییەکان دەبەنە. بەکورتی، پێمان خۆش بێت یان نا، ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە. پارتی و یەکێتیی دوو هێزی گەورەن لە کوردستان و جەماوەریان هەیە و جەماوەرەکەشیان گوێڕایەڵترن لە جەماوەری حیزبەکانی دیکە نەک تەنیا لەبەر دڵسۆزییان بۆ پارتی و یەکێتیی بەڵکوو لەبەر پەیوەستبوونی بەرژەوەندییەکانیان بەم دوو حیزبەوە، لەبەر مێژووی زۆر و دوورودرێژی ئەو دوو حیزبە، لەبەر خزمخزمێنەیان، هتد. ئەوەش ڕاستییەکە کە بە خۆشی بێت یان ناخۆشی دەبێت قەبوڵی بکەین. قەبوڵ کردن لەبەر ئەوەی نا کە ئەمە ڕاستە یان باشە بەڵکوو لەبەر ئەوەی واقیعێکە و سەپێنراوە، جا ئەوەی نازانێت ئەو واقیعە بۆ ئاوای لێهاتووە ئەوە شتێکی دیکەیە.

ئەوەی دەبێت قسەی لەسەر بکرێت تەزویر نییە بەڵکوو ئەو هۆکارانەن کە ڕێگرن لەپێش پڕۆسەی نیشتیمانسازی و بەدامەزراوەییبوونی دامودەزگاکانی هەرێم، کە دەکرێت لەم خاڵانەدا کورت بکرێنەوە:

یەکەم، نەبوونی هەلی یەکسان، واتە هەندێک حیزب، یەکێتیی و پارتی، بەتایبەتی، پارەیەکی زۆر و توانایەکی زۆر و زەبەلاحیان لەبەردەستدایە کە لە ئاکامی ناعەدالەتی و گەندەڵی و قۆرغکردنی جومگەکانی دەسەڵات مسۆگەریان کردووە و لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە خزمەتی خۆیان بەرژەوەندی کاندیدەکانیان بەکاریان دێنن.

دووەم، کۆنتڕۆڵکرنی میدیا بە هەموو شێوەکانی، هەر لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە بگرە تا سۆشیال میدیا، لەلایەن پارتی و یەكێتیی، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو پارە زۆرەی لەبەردەست پارتی و یەکێتیی دایە کە لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر سامانی گشتیی و گومرگەکان و دروستکردنی کۆمپانیای زەبەلاحی خانوبەرە و هەناردە و هاوردەکردن و مسۆگەرکردنی کۆنتراکتەکان و موساتەحە و زەوی زاردا مسۆگەریان کردووە. لە بەرئەنجامدا هەر دوو حیزب بوون بە خاوەنی کۆمەڵێک بانک و کۆمپانیای میدیایی زەبەلاح. ئەمانەش دەرفەتی نایەکسانیان بۆ کاندیدەکانی ئەم دوو حیزبە بە بەراورد بەوانی دیکە ڕەخساندووە.

سێیەم، کۆنتڕۆڵکردنی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان، هەر لە پێشمەرگەوە بگرە تا دەگاتە پۆلیس، کە هەم بۆ چاوسوورکردنەوە، هەم بۆ گرتن و زیندانیکردنی نەیاران بەکار دێت. ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵکانی دەرەوەی ئەم دوو حیزبە دروست کردووە کە لە هەڵبژاردنەکاندا و لەسەر سندوقەکانی دەنگدان ئەنجامەکانی دەردەکەون.

چوارەم، نەبوونی دەستوور و دادگایەکی باڵا کە هەم بێلایەن بێت هەم یەکلاییکەرەوە بێت. لە غیابی دەستوور و دادگاش، یەکێتیی و پارتی هێندەی دیکە تواناکانی گەندەڵکاریی و کۆنتڕۆڵکردن و قۆرغکردنیان زیادی کردووە. ئەمەش ژینگەیەکی دروست کردووە کە دیموکراسی نەک تێیدا گەشە ناکات بەڵکوو بپووکێتەوە.

کەواتە تکایە واز لەوە بێنن کە تەزویر کراوە یان نەکراوە، چونکە وەک گوتمان، بێجگە لەوەی کە تەزویر ڕۆژ بە ڕۆژ، جار بە جار، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن، کەمی کردووە هیچ کاتێک تەزویر ئەو خەمە گەورە و ئەو گەمەگۆڕەرە، گەیم چەینگەرە، نەبووە.

ئەوەی گەمەکان و بارەکان بەلای پارتی و یەکێتیی دا لار دەکاتەوە ئەو چوار خاڵەیە کە ئاماژەم پێکردن، تا گەندەڵی کەم نەکرێتەوە، تا میدیا لەژێر دەسەڵاتی  پارتی یەکێتیی دەرنەهێنراێت، تا سامانی گشتی لەلایەن حکومەتێک کە هی خەڵک بێت و بەرپرس بێت بۆ خەڵک، تا دادگای ئازاد و دەستوورمان نەبێت، تا هێزە ئەمنییەکان بە نیشتیمانیی نەکرێن، بەکورتی، تا پڕۆسەی نیشتیمانسازی لە هەرێم وەگەڕنەخرێت و نەبێت بە پڕۆسەیەکی تۆکمە، ئەوە دیموکراسی هەر ساختەکراسی بەرهەم دێنێت، بەڵام وەک گوتم نەک لەبەر تەزویر بەڵکوو لەبەر ئەوەی تەواوی پڕۆسەکە ساختەکارییە.

پەیامەکەی ئۆجالان دەربارەی کۆتاییهێنانی بە خەباتی چەکداریی ئاشکرا کرا
پێت پەیامەکەی ئۆجالان دەربارەی کۆتاییهێنانی بە خەباتی چەکداریی ئاشکرا کرا
کەشناسی پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو ڕاگەیاند
دوات کەشناسی پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو ڕاگەیاند
پەیوەندیدر