بەهای دۆلار ناجێگیرە، تا سوودانی لەنێوان ئێران و ئەمریکادا یەکێکیان هەڵنەبژێرێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلار جێگیرنابێت، دەبێت حکومەتی عێراق پارە زیادەکان بداتەوە بە هاووڵاتیان.
ئەمڕۆ ١٠٠ دۆلاری ئەمریکایی بەرامبەر ١٥٦ هەزار و ٥٠٠ دینارە، لە کاتێکدا لە بانکی ناوەندی بە ١٤٦ هەزار دینار دەفرۆشرێت، واتە بە ١٠ هەزار دینار زیاتر لە نرخی بانکی ناوەندی دەفرۆشرێت.
لە کاتێکدا پێشتر بانکی ناوەندی زیاتر ٪٦٠ی دۆلاری لە ڕێی حەواڵەوە کارپێدەکرێت، بەڵام دوێنێ لەپێناو چارەسەری ئەم کێشەیە، زیاتر ٪٨٠ی دۆلار بە نەختینە خستە بازاڕەوە.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و شارەزایی ئابووری عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، خستنە بازاڕی دۆلاری نەختینە و کەمکردنەوەی حەواڵە هیچ لە هاوکێشەکە ناگۆڕێت، بازرگانەکان دۆلار نەختینەکان دەچننەوە و ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی دەهێنن.
هۆکاری ئەم ناجێگیرییەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ ململانێ سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەگەڕێتەوە، ئێران لە عێراقەوە ئەو بڕە دۆلارەی پێویستییەتی بەدەستیدەهێنێت، ئەمەش لە ڕێگای ئەو بڕە زۆرەی دۆلار کە دەخرێتە بازاڕەوە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، خواستی بازاڕی عێراقی بۆ دۆلار بەو قەبارە گەورەیە نییە کە بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا عێراق پێنج ملیار دیناری پارەی کارەبای ئێران قەرزاربوو، عێراق ئەم قەرزەی بە دینار دایەوە بە ئێران، بەڵام ئێران لە ناوخۆی عێراقدا لە ڕێگای کۆمەڵێک کەسەوە ئەم پارەییە لە بازاڕدا کردە دۆلار، ئەمەش وایکرد ئەمریکا جارێکی دیکە فشار بۆ سەر عێراق دروستبکات، تا ڕێگری لە سپیکردنەوەی دۆلار و ناردنە دەرەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق بکات.
دابەزینی بەهای دۆلار کاریگەری لەسەر داهاتی تاکی عێراقی دروستکردووە، لە نامەیەکدا بۆ سوودانی ئەحمەدی حاجی ڕەشید، بە مافی هاووڵاتیانی عێراقی دەزانێت کە حکومەتی عێراقی ئەو بڕە پارەیەی لە زیادەی دۆلارەوە دەستیدەکەوێت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی بکاتەوە، چونکە لە هەر ١٠٠ دۆلارێک تاکی عێراقی ٣٧ هەزار دینار لە داهاتەکەی کەمی کردووە.
محەمەد شیاع سوودانی، سەر بە شیعەکانی نزیک ئێرانە، ئەحمدی حاجی ڕەشید ئەوەدەخاتەڕوو، تا ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق جێگیر نەبێتەوە، بەهای دۆلار جێگیرنابێتەوە، دەبێت محەمەد شیاع سوودانی لە پێناو بەرژەوەندی گەلی عێراقدا بڕیاربدات، تا سوودانی نەچێتە ئەمریکا و بە ئەجێندای ئەمریکا ڕازینەبێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلار جێگیرنابێتەوە.
سوودانی ئێستا لەنێوان دووڕیانێکدایە، لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیان بڕیاردەدات و بە ئەجێندای ئەمریکا ڕازیدەبێت یاخود گوێ لە ئێران دەگرێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار جێگیردەکاتەوە بڕیارەکەی سوودانییە.