ئەمڕۆ چوارشەممە، گوڵتان کشاناک سەبارەت بە پرسی هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند، ڕەنگە هەفتەی داهاتوو گوێیان لە دەنگی ئۆجەلان بێت.
گوڵتان کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانی دیاربەکر لەبارەی وتەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە وتی دەبێت “ئۆجەلان بچێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان رابگەیەنێت” رایگەیاند، “هەموو کەس دەستی بەرزدەکاتەوە، منیش دەستم بەرزدەکەمەوە و بانگەوازی خۆم هەیە”.
باسی لەوەشکرد: “من بۆچوونم وایە رەنگە 29ی ئەم مانگە و لە یادی راگەیاندنی کۆماری تورکیا، گوێمان لە دەنگی عەبدوڵا ئۆجەلان بێت”.
ئەمەش دوای ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە، دەستەی پارێزەرانی ئۆجەلان، داواکارییەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی کۆماریی بورسا و بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەی ئیمڕاڵی کرد و داوای دیداری ئۆجەلان و هەریەک لە عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاشنیان کرد، کە زیاتر لە 43 مانگە رێگە بە دیداریان نەدراوە.
هەروەها ئیبراهیم بیڵمەز، پارێزەری ئۆجەلان، رایگەیاند: “قسەکانی باخچەلی گرنگن و ئەو شتێک دەڵێت کە پێویستە بوترێت”.