کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ 31٪ بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانيدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتژمێر 7ـی بەیانی ئەمڕۆوە تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ، 31٪ـی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگیان داوە.
باسی لەوەش کرد، رێژەی بەشداری لە پارێزگاکانی هەرێم تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ بەم جۆرەیە؛ پارێزگای هەولێر 34٪، پارێزگای سلێمانی 29٪، دهۆک 31٪ و پارێزگای هەڵەبجەش 33٪ .
پێشتریش عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی دەنگدان بە باشی بەڕێوە دەچێت. وتیشی، “لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی دەنگدان رادەگەیەنین”.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ملیۆنێک و 15 هەزار و 888 کەس کارتی بایۆمەتریان کردووە و مافی دەنگدانیان هەیە، بە لێدەرکردنی ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت، کۆی ئەوانەی دەمێننەوە و مافی بەشداریان لەم دەنگدانەدا هەیە، دەکاتە 925 هەزار دەنگدەر و 797 دەنگدەر.
کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ى تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.