فازڵ میرانی: ئێمە هەر لە حکومەت دەمێنینەوە



بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ”ئەوانەی بۆ هەڵبژاردن دروشمی زبر بەکاردەهێنن، دواتر لە ئۆپۆزیسیۆن بن یان حکومەت، هەر دەبێت پێکەوە مامەڵە بکەین”. دەشڵێت، ”ئێمە هەر لە حکومەت دەمێنینەوە، ئینشائەڵڵا”.

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای بەشداریکردن لە دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ”ئێمە لە ساڵی 1992ەوە هەڵبژاردن دەکەین کە بەشێکە لە دیموکراسی، بەڵام هەمووی دیموکراسی نییە، دیموکراسی واتایەکی گشتیی هەیە کە هەر وڵاتێک بەپێی سیستەمی خۆی جێبەجێی دەکات (پڕاکتیزەی دەکات)”.

ئاماژەی بەوە دا، ”سەرکەوتنی دیموکراسی و شەرافەتی رکابەری لەوەدایە کە چەندە لە واتای دیموکراسی تێگەیشتووین، چۆن خاوەندارێتیی (تەبەننی) دەکەین و چۆنی بەڕێوەی دەبەین”.

فازڵ میرانی وتیشی: “دەبینین دروشمی جیاجیا هەیە، یەکێک دەڵێت دەیگۆڕین، بەڵام ئەوە ئەنجامی هەڵبژاردنە دەیگۆڕێت، خۆ هیچمان بە شۆڕش نەهاتووین کە بە شۆڕش بگۆڕدرێین. ئەم زمانە زبرە بزووتنەوەی سیاسی دوور دەکاتەوە لە کولتوور، ئەدەب و پەروەردەی کورد و کوردستان کە پێمناخۆشە”.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەشکرد: ”ئەوانەی ئێستا دروشمەکانی بڕووخێنین، بار بکەن بڕۆن، دەیگۆڕین و بەسە دەڵێنەوە، سبەینێ لە ئۆپۆزیسیۆن بن یان حکومەت، هەر دەبێت پێکەوە مامەڵە بکەین، خۆ کەسمان بار ناکات لەو وڵاتە بڕوات؛ ئێمە براش نەبین، هاوبەشی یەکدیین”.

فازڵ میرانی دەڵێت، ”ئێمە هەر لە حکومەت دەمێنینەوە ئینشائەڵڵا؛ لام سەیرە وشەی ئینشائەڵڵا بەکارناهێنن، تەنانەت برایانی ئیسلامییش بە ئینشائەڵڵاوە ناڵێن بەسە یان دەیگۆڕین؛ ئینشائەڵڵاکەمان لەبیرچووە و ئەمە باش نییە، چونکە هیچ شتێک بەبێ ئینشائەڵڵا ناکرێت”.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی وت: ”من پێموابوو ئەمڕۆ قسەکانی ئێمە هەمووی بەرەو ئاشتەوایی، پێکەوەژیان و ئارامیی وڵاتەکەمان دەڕۆن، بەڵام بەداخەوە هەندێک قسەم گوێ لێبوو لە ژمارەیەک برادەر کە دەیانگوت کۆتاییان پێدەهێنین؛ بەڵام ئەوە تەنیا مردنە کۆتایی بە مرۆڤ دەهێنێت، نەک هیچ شتێکی دیکە”.

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ملیۆنێک و 15 هەزار و 888 کەس کارتی بایۆمەتریان کردووە و مافی دەنگدانیان هەیە، بە لێدەرکردنی ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت، کۆی ئەوانەی دەمێننەوە و مافی بەشداریان لەم دەنگدانەدا هەیە، دەکاتە 925 هەزار دەنگدەر و 797 دەنگدەر.

کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ى تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.

کۆمسیۆن: رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ 31٪ بووە
پێت کۆمسیۆن: رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ 31٪ بووە
سەرۆک کۆمار: پێویستە هاووڵاتییان بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن
دوات سەرۆک کۆمار: پێویستە هاووڵاتییان بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن
پەیوەندیدر