عەلی باپیر: فشارکردن لە دەنگدەران شەرعی و شارستانی نییە



عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی دادگەری دوای بەشداری کردنی لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، داوای لە هاووڵاتییان کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بەو کەس و لایەنانە بدەن کە بڕوایان پێیەتی.

عەلی باپیر، لەدوای دەنگدانی و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: هیوادارن دەنگدان لە دۆخێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت و وەک کۆمسیۆن رایگەیاندووە، رێگە نەدرێت ساختەکاری ئەنجامبدرێت.

باسی لەوەشکرد، “لەلایەن پارتە سیاسییەکانی دەسەڵاتەوە، لە دەنگدانی تایبەتدا فشار لە هێزە ئەمنییەکان کراوە تا وێنەی دەنگەکانیان بگرن، ئەوەش وایکردووە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان دەنگەکانیان پووچەڵ بکەنەوە”.

لەبارەی فشارکردن لە دەنگدەران عەلی باپیر وتی، “فشارکردن و ناچارکردنی کەسێک بەوەی دەنگ بدات شەرعی و شارستانی نییە، بەگوێرەی ئایینەکەشمان هیچ کەسێک بۆ ئەنجامدانی کارێک نابێت ناچار بکرێت”.

لەبارەی بانگەشەی لایەنەکان، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ئەوەی خستەڕوو، “پێدەچێت بەشێک لە تووندیی بانگەشەی لایەنەکانی دەسەڵات سیناریۆ بێت، بەڵام ئەوە جێگەی پرسیارە کە بۆچی بە رووخاندن سەرنجی خەڵک رادەکێشن و خەڵک بۆچی پشتگیریی ئەو لایەنانە ناکات کە دەیانەوێت وڵات بنیات بنێنەوە”.

کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.

 

سەعدی پیرە: قۆناغی پێکهێنانی حکومەت ئاسان نابێت
پێت سەعدی پیرە: قۆناغی پێکهێنانی حکومەت ئاسان نابێت
مەسرور بارزانی: ئەمڕۆ پاداشتی خزمەت و راستگۆیی بدەنەوە
دوات مەسرور بارزانی: ئەمڕۆ پاداشتی خزمەت و راستگۆیی بدەنەوە
پەیوەندیدر