قوباد تاڵه‌بانی به‌شی خوێندنی ئیسلامی له‌ زانكۆی راپه‌ڕین كرده‌وه‌



له‌سه‌ر داوای مامۆستایانی ئایینی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران به‌شی خوێندنی ئیسلامی له‌ زانكۆی راپه‌ڕین كرده‌وه‌ و بڕیاریشه‌ له‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو خوێندنی به‌یانیان و ئێواران خوێندكار وه‌ربگرێت.

له‌ رێوڕه‌سمێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ 19ی تشرینی یەکەمی 2024 به‌ ئاماده‌بوونی د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی ئایینی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین به‌ڕێوه‌چوو، قوباد تاڵه‌بانی به‌ فه‌رمی به‌شی خوێندنی ئیسلامی له‌ زانكۆی راپه‌ڕین كرده‌وه‌.

كردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌ له‌ زانكۆی راپه‌ڕین، دوای كۆبوونه‌وه‌ی قوباد تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ مامۆستایانی ئایینی و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بڕیاری له‌سه‌ر درا.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ “كردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رێبازی سه‌رۆك مام جه‌لاله‌ كه‌ به‌رده‌وام جه‌ختی ده‌كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پاراستن و گرنگیدان به‌ به‌ها به‌رزه‌كانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام” و هیوای خواست هانده‌رێك بێت بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا دكتۆر په‌یمان ره‌مه‌زان، سه‌رۆكی زانكۆی راپه‌ڕین سوپاسی پشتگیرییه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌ و رایگه‌یاند “له‌ ئه‌مساڵدا له‌ هه‌ردوو خوێندنی به‌یانیان و ئێواران خوێندكار له‌ به‌شی خوێندنی ئیسلامی وه‌رده‌گیرێت”.

هه‌ر له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا دكتۆر ئیبراهیم عه‌بدولباقی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئه‌وقافی ئیداره‌ی راپه‌ڕین سوپاسی قوباد تاڵه‌بانی كرد بۆ گرنگیدان به‌ كردنه‌وه‌ی به‌شی خوێندنی ئیسلامی له‌ زانكۆی راپه‌ڕین و كردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌ی به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ دانا بۆ بره‌ودان به‌ به‌ها به‌رزه‌كانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام له‌ ناوچه‌كه‌دا”.

سەلاحەدین بەهادین: جێگەی شانازییە بەڕووسووری و سەربەرزی لە ناو خەڵكین
پێت سەلاحەدین بەهادین: جێگەی شانازییە بەڕووسووری و سەربەرزی لە ناو خەڵكین
نوێترین ئاماری دەنگدانی تایبەت بڵاوکرایەوە
دوات نوێترین ئاماری دەنگدانی تایبەت بڵاوکرایەوە
پەیوەنیدر