رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ژمارەی پێشێلکارییەکانی رۆژی دەنگدانی تایبەتی بەرانبەر رۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە 19 پێشێلکاری تۆمارکراوە.
رۆژى شەممە 18ى تشرینی یەکەمی 2024، پرۆسەى دەنگدانی تایبەتى هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، لە رێگەى سەکۆی پەیامنێرانەوە کە ژمارەیان 180 پەیامنێرە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، چاودێری بارودۆخی تیمەکانی راگەیاندنی کردوەو ئاماری پێشێلکارییەکانی تۆمارکردووە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە: لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا 19 پێشێلکاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان تۆمار کراوە کە زۆرترینیان لەشاری هەڵەبجە بووە.
پێشێلکاریەکانیش بەم شێوەیە بوو:
لە بنکەى گوڵان لە قەزای ئاکرێ رێگری لە کەناڵی سپێدە کرا و رێگەیان پێنەدرا رووماڵی پرۆسەى هەڵبژارنەکان بکەن.
لە بنکەى زێڕین لە ئیدارەى سەربەخۆی سۆران، رێگری لە کەناڵی پەیام کراو رێگە نەدرا بچنە ژوورەوە بۆ رووماڵکردن.
لە بنکەى ئامادەیی کۆیەی کوڕان لە کۆیە رێگری لە کەناڵی کوردستان 24 و رووداو کرا، رێگە نەدرا رووماڵی پرۆسەى هەڵبژاردنەکان بکەن.
لە پارێزگای هەڵەبجە لە بنکەى بورهانی حاجی محەمەدی بامۆکی پێشێلکاری لە دژی کەناڵەکانی پەیام تیڤی ، سپێدە، رووداو، کەناڵ8، زووم نیوز. کوردسات نیوز، knn، موجۆ، ئاڤانیوز، کوردستان تیڤی، العراقیە، گەلی کوردستان، 964، nrt ، رادیۆی دەنگی هەڵبجە
بەپێ رێزبەندی پارێزگایەکان بەمشێوەیە بووە
هەڵەبجە (15)
سلێمانی (0)
هەولێر (3)
دهۆک (1) پێشێڵکارییەکان تۆمارکراوە.
هەر لەسەرتای چاودێریکردنی پرۆسەکە دەزگانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵانەو لە چوارچێوەى ئیتیکی رۆژنامەنووسی بەشێوەیەکی پیشەییانە کارەکانیان ئەنجامداوە.
هیواخوازین لە دەنگدانی گشتیدا هێزە ئەمنییەکان و دەزگا حکومییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان بکەن و رێگری لە کارەکانیان نەکەن.
رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان
١٨ى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤