میدیاکانی ئیسرائیل، بڵاویانکردەوە، سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆکوژ کە ئاڕاستەیان لوبنان بووە، ناوچەکانی گلیلۆت، قیساریە، ڕۆژئاوای جەلیل و حەیفایان کردووەتە ئامانج و یەکێک لە فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانیش ماڵ و شوێنی حەوانەوەی بنیامین ناتانیاهۆی بەئامانج گرتووە .
بەپێی زانیارییەکان، لە قیساریە فرۆکە بێفڕۆکەوانەکە خۆی بە باڵەخانەیەکدا داوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، هێزێکی زۆری پۆلیسیش بەرەو ئەو ناوچەیەی کە کراوەتە ئامانج، رەوانە کراون.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە هەواڵی هێرشێکی هاوشێوە هەبووە کە ماڵی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیلی کردۆتە ئامانج لە قیساریە، کە دەکەوێتە کەناری دەریای ناوەڕاست.
لای خۆیەوە ڕۆژنامەی یەدییعۆت ئەحرۆنۆت بڵاویکردەوە، نووسینگەی سەرۆک وەزیران ڕەتیکردەوە، کە شوێنی مانەوەی سەرۆک وەزیران و هەر ڕووداوێک ئاشکرا بکات گەر روویدابێت.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ” لە قیساریە شوێنیک بە ئامانج گیراوە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتی نەتانیاهۆیە”.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی پشتڕاستی کردەوە کە ئامانجی ئەم هێرشە ڤێلای تایبەتی نەتانیاهۆ بووە لە قیساریە.
تا ئێستا نووسینگەی ناتانیاهۆ بە هۆکاری ئەمنی ڕەتیکردۆتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر شوێنی نەتانیاهۆ بدات.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئیسڕائیل، زۆرجار ناتانیاهۆ و خێزانەکەی کۆتایی هەفتە لە ڤێلایەک لە قیساریە بەسەر دەبەن ئەگەرچی ناوبراو خاوەنی زیاتر لە خانوویەکە لە قودس.