بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پەیامێكی هاوخەمی ئاڕاستەی بنەماڵەی محەمەد رەشید ژاڵەیی، كارمەندی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەكات كە لەكاتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی خاكی كوردستاندا شەهید بوو.
بەپێی پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتی دەڵێت: “لەخوای گەورە داواكارم شیفای بریندارەكان بدات، بەڵێن بە خانەوادە سەربەرزەكەی شەهید محەمەد و هاوڕێیانی دەدەین تۆڵەی ئەم خوێنە دەكەینەوە”.
دەقی پەیامەكە:
شەهیدبوونی كاك محەمەد رەشید ژاڵەیی، كارمەندی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەكاتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی خاكی كوردستاندا، لە قووڵایی دڵمانەوە نیگەرانیكردین.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە سەربەرزەكەی، هاوڕێیان و هێزەكانی ئۆپراسیۆن دەكەم و لەخوای گەورە داواكارم شیفای بریندارەكان بدات.
دڵنیایی بەهەموولایەك دەدەین ئاسایش و سەقامگیریی كوردستان هێڵی سوورە و تاوەكو خاوەنی ئەو هێزە قارەمان و تێكۆشەرانە بین، ژیانی خەڵكەكەمان لە ئارامی و ئاسایشدا دەبێت. بەڵێن بە خانەوادە سەربەرزەكەی شەهید محەمەد و هاوڕێیانی دەدەین تۆڵەی ئەم خوێنە دەكەینەوە و هیچ بوارێك بۆ تیرۆریستان ناهێڵینەوە.
خوای گەورە شەهید محەمەد بە بەهەشتی بەرین شادبكات و سەبووری بەهەموو لایەك ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان