بەپێی سەرچاوەکان لە سنووری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک، فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی کرد.
یەکەم لێدان 9:55 خولەک بووە و دوا لێدان کە جارى چوارەم بووە کاتژمێر 10:16 خولەک بووە و ئەو دوو ئۆتۆمبێلەى بەرکەوتوون هەردوکیان سووتاون.
سەبارەت بە بوونی چەکداری نەناسراو، موختاری ئەو گوندە ڕایگەیاند، ”پێشتر گومانیان هەبووە لە بوونیان و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیان لێ ئاگادارکراونەتەوە”.
هەرچەندە تائێستا نازانرێت سەر بە کوێیە فڕۆکەی جەنگیی عێراقین یان هاوپەیمانانن،بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆریش لە ناوچەکەن و چاودێری دۆخەکە دەکەن لە ئێستادا.
بەپێی سەرچاوەیەکی دیکەش: چوار جار بۆردوومانی زنجیرە چیای خاڵخاڵانیان لە نێوان ناحیەی تەق تەقی سەر بە قەزاى کۆیە و ناحیەی شوانى کەرکوک کرد و دوو ئۆتۆمبێلیان بە ئامانجگرت”.
وتیشى،” هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بە ئامانجگیراون و ئێستا دەسووتێن، بەڵام نازانرێت فڕۆکە هێرشکەرەکان کە لە جۆرى ئێف 16 هى کام ووڵات بوون”.
زانیاری نوێ لە کاتژمێر 11:40: هێزەکانی ئاسایشی هەرێم و دژەتیرۆر و کۆماندۆ لەناوچەی شوان ژمارەیەک تیرۆریست دەکوژن.
ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە: “بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم , هێزەکانی دژەتیرۆر ، هێزی کۆماندۆی کوردستان ، لە ئۆپراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی پشت بەستوو بە زانیاری هەواڵگری ورد بەهاوکاری وەزارەتی بەرگری عیراق ، ژوری ئۆپراسۆنی کەرکوک ، هێزەکانی هاوپەیمانان ئەو ژمارە چەکدارەی تیرۆریستانی داعشیان کوشت کە دوێنی دزەیانکردبووە ناوچەی شوان” .
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ شەوی رابردوو تەواوی ناوچەکە خرابووە ژێرچاودێری و کیوماڵی هێزەکانەوە تا سەرئەنجام ئەم هەڵمەتە ئەنجام درا.