یاساناسێک هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن دەکات و دەڵێت” لە هەرێمی کوردستان هیچ ناوەند و دەزگا و لایەنێکی بێلایەنمان نیە کە ڕاپرسی بۆ پێشبینی ئەنجامی هەڵبژاردن و کورسی لایەنەکان ئەنجامبدات”.
هاوڕێ تۆفیق، یاساناس و شارەزای کاروباری هەڵبژاردن، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، لە وڵاتانی دیموکراسی لە پاڵ حزبە سیاسیەکان و ئەو دەزگایەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات، لایەنی سێییەم هەیە کەناوەند و دەزگان بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی بێلایەن و پڕۆفیشناڵانە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هیچ ناوەند و دەزگا و لایەنێکی بێلایەنمان نیە کە ئەو ڕاپرسییانە بۆ پێشبینی ئەنجامی هەڵبژاردن و کورسی لایەنەکان ئەنجامبدات ئەوەی هەیە بۆ پێشبینی کردنی کورسی حزبەکان زیاتر دەچێتە خانەی هەڵسەنگاندنی سیاسی هیچ بنەمایەکی زانستی ڕاپرسی نیە.
هاوڕێ تۆفیق دەربارەی پێشبینی بۆ لایەنەکان دەڵێت” ئەمجارە پێشبینی کردن ئاسان نیە، چونکە ژمارەی کورسییەکان کەمبۆتەوە بۆ سەد کورسی کە کێبڕکێکە بۆ کورد لەسەر ٩٥کورسییە و پێنج کورسی هی کەمە نەتەوایەتی و ئاینییەکانە، و حزبی نوێ دروستبووە کەلیستییان هەیە، بۆیە ئەم جارە ٥کورسی بەهای ٧کورسی جارانی هەیە”.
ئەوەشی ڕوونکردۆتەوە، ئەو ئەنجامی پێشبینی حزبەکان بۆ ژمارەی کورسییەکانیان بڵاوی دەکەنەوە بنەمای زانستی نیە، تەنها وەک جۆرێکە لە ڕیکلام و کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردن و پەیام ناردن بۆ دەنگدەر و بەرزکردنەوەی لایەنی دەرونی دەنگدەرەکەیەتی کە بڵێت هێشتا من هەر یەکەمم و ئەوەندە کورسی دەهێنم.
ئەو یاساناسە دەشڵێت، بەشێوەیەکی گشتی شانۆی هەڵبژاردنی ئەمجارە دوو پاڵەوانی سەرەکی تێدا دەبینرێ،بێگومان لایەنەکانی تریش هەن بەڵام بەشێوەی سەرەکی پارتی و یەکێتین، هەرچەندە لایەنی تریش هەن بەڵام ئەمجارە لەکەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، لە جوڵەی شەقامی شاروشارۆچکەکان، لە ڕاگەیاندنەکان و سۆشیاڵ میدیا پارتی و یەکێتی دەبینرێن، بۆیە ڕاستترە بڵێیین ئەم هەڵبژاردنە لەڕووی دەنگدانەوە هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتییە.
ڕوونیشیکردۆتەوە، ئێستا دەتوانین بەتەواوەتی جیاوازییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ببینین کە هیچ کاتێک ئەوەندە لەیەکتر جیا و دوور نەبوون ئێستا دۆڵێک لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دروستبووە، ئەمە وایکردووە کە ئەم دوو لایەنە ببنە دوو کاراکتەری سەرەکی بۆ بینەر و دەنگدەرەکان.