ماسییە سوورەکە!



ئەگەرچی زانست پشتڕاستی ناکاتەوە، بەڵام قسەیەک لەسەر ماسی گۆڵدفیش هەیە کە گوایا؛ یادگەی ئەم ماسییە وەکو خۆی کورتوکولە و لە تەنها سی چرکە تێناپەڕێت… واتە ئەگەر ماسییەکە لە خاڵێکەوە بجوڵیت بۆ خاڵێکی تر، کە دووری نێوان ئەو دوو خاڵە بە ڕۆیشتنی ماسییەکە تەنها ٣٠ چرکە بخایەنێت، ئەوە بیری دەچێتەوە لە کوێوە هاتووە بۆ ئەوێ! بەم جۆرە هەموو جارێک کە ماسییە سوورەکە لەم سەری حەوزێکی شوشەوە دەچێت بۆ ئەو سەری حەوزەکە وا دەزانێت بەڕێگایەکی نوێدا دەڕوات کە پێشتر هەرگیز نەیدیوە! نازانم بۆ هەمیشە هەڵبژاردن لە کوردستان ئەم ماسییە سوورە بیری من دەخاتەوە!

بەشێوەیەکی گشتی لە هەڵبژاردنی ئەم وڵاتانەدا کە دیموکراسی ناوێکە بۆ سیستمێکی خواوەکیلی؛ بۆ خەڵکی فەقیر و هەژار، بەرهەمی زۆر گەورەی لێ چاوەڕێ ناکرێ. بەڵام هێشتا گرنگە.

کۆمەڵگای ئێمە بۆ هەڵبژاردن سێ ڕیزە؛

* ڕیزی یەکەم، دەنگدەرەکانی یەکێتی و پارتین، کە بە سەدان هەزار ئەندام و کادر و چەکدار و مووچەخۆری خۆیان هەیە. لەم دوو هەفتەیەدا ئەم سوپایەمان (جا بەخۆشی خۆیان بێت یان بەتۆبزی) لە هەڵمەتی بانگەشەی حیزبەکانیاندا بینی.

* ڕێزی دووەم حیزبە ئیسلامییەکانن و هەمیشە دەنگدەرێکی دیاریکراوی خۆیان هەیە. نە زۆر کەم دەکەن، نە زۆر زیاد.

* ڕیزە درێژەکەیان کە زۆنی خۆڵەمێشییە؛ زۆرینەن، ڕیزی خەڵکانی توڕە و ناڕازین، مامۆستان، فەرمانبەرن، کرێکارن، ئەو مرۆڤانەن کە لە چینی خوارەوەی هەڕەمەکەدان، ڕاستیەکانیش دەبینن؛ بەڵام ماندوون، دوودڵن، مارانگازن.

پێچەوانەی هەموو ڕێسایەکی زانستی سیاسی؛ لە کوردستان ڕیزی یەکەم، بەنزیکەیی هەمیشە دەتوانێت تەحەکوم بە ڕێزی سێیەم و بە زۆرترین ژمارەی دەنگدەرەوە بکات. (دوای هەڵبژاردن من و تۆ پێکەوە دەیبینین لەبری ئەوەی پارتی و یەکێتی بەو هەموو مافیایی و فەسادییەیانەوە لە هێزی یەکەم و دووەمەوە بووبن بە هێزی دەهەم و یازدەیەم، کەچی هەر هێزی یەکەم و دووەمن!)

لەکاتێکدا پارلەمانی ئەم جارە بەتەواوت لەژێر حوکمی دادگای فیدراڵی دا دەبێت، قووت و پارەی خەڵکیش لە بەغداوە دێت، کەواتە پارلەمان شتی زۆر گەورە ناگۆڕێ، بەڵام هەر بوونی هەڵبژاردن و چوون بۆ دەنگدان لە نەبوونی باشترە، چەرچل لە ١٩٤٧دا وتی: “دیموکراسی خراپترین شێوازی حوکمڕانییە و لەو باشتریشمان نییە!”

سەرەئەنجام ئەوەی من بیری لێ دەکەمەوە ئەوەیە بەهەموو ئەو چاڵ و قۆرتانەی لە جادەی خۆڵی دیموکراسی و هەڵبژاردنی ئێمەدایە هەیە، بەڵام دەبێ مرۆڤی کوردی لەسەر سندوقی دەنگدان بیری بێت کە نەبێ بە ماسییە سوورەکە!

 

بڕیارێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان دەرکرا
پێت بڕیارێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان دەرکرا
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو: خێزان لای ئێمە ستراتیژ و پرەنسیپ و پلانی کارمانە
دوات ئەمینداری گشتی یەکگرتوو: خێزان لای ئێمە ستراتیژ و پرەنسیپ و پلانی کارمانە
پەیوەندیدر