وەزیری شارەوانی: دابەشکردنی زەوی لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان و زاخۆ دەستیپێكرد



وەزارەتی شارەوانی دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی ڕاگەیاند و وەزیریش دەڵێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا قۆناغەكانی دیكەی پرۆسەكە دەستپێدەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و 2 هەزار و 300 پارچە زەوی دیكەش بەسەر كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە شاری هەولێر دەستیپێكرد.

تیروپشكی ڕاكێشانی ئەو پێنج هەزار پارچە زەوییە لە شاری هەولێر، لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر ڕاكێشرا و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر بەردەوامی پرۆسەكە بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كردەوە.

ساسان عەونی، ڕایگەیاند: پرۆسەی دابەشكردنی زەوی دەستیپێكرد و ئەمەش مژدەیەكی خۆشی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی كوردستان.

وتیشی: ئەمڕۆ دابەشکردنی پێنج هەزار پارچە زەوی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕادەگەیەنین، هەر ئەمڕۆش دوو هەزار و 300 پارچە زەوی دیكەش بەسەر خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەكرێت كە پێشتر فەرمانی وەرگرتنی زەویان هەبووە و ئێستا ڕێكارەكانی تەواو بووە، واتە 7 هەزار 300 پارچە زەوی دابەش دەكرێت.

وەزیری شارەوانی لەبارەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی و گەرمیان و زاخۆ و ناوچەكانی دیكەی كوردستان وتی: هەر ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی 6 هەزار و 577 پارچە زەوی وەك قۆناغی یەكەم دابەش دەكرێت.  هاوكات لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بۆ قۆناغی یەكەم ڕەزامەندی لەسەر 2 هەزار 474 پارچە زەوی دراوە و دوێنێش هەزار و 241 پارچە زەوی لە زاخۆ ڕاگەیەندرا.

سەبارەت بە بەردەوامی پرۆسەكەش، ساسان عەونی، وتی: هەتا ئێستا وەزارەتەكان بەردەوامن لە ناردنی ناوی فەرمانبەرانیان و لە ڕۆژانی داهاتووشدا قۆناغەكانی دیكەی پرۆسەكە ڕادەگەیەنین، وتیشی لە هەموو شارەوانییەكانیش نەخشەی پێویست بەپێی ژمارەی فەرمانبەران ئامادە كراوە.

لەبارەی زەوییەكانی شاری هەولێریش ڕایگەیاند، ئەو نەخشەیەی ئامادەكراوە لەسەر 2 هەزار و 90 دۆنمە و لە هەشت گەڕەك پێكهاتووە، 4 هەزار و 828 پارچە زەوی نیشتەجێ لەخۆدەگرێت لەگەڵ ژمارەی دیكەی زیادە، ڕووبەری زەوییەكانیش 200 مەترن و شەقامەكانیان نابێت لە 12 مەتر كەمر بێت، هەروەها وتیشی: شەقامی 30مەتری تێیدایە لەگەڵ هێڵی ترام و هێڵی پایسكیل و پیادەڕۆ و باچخەی بچووكی ناو ماڵ و پاركی گەورە و بنكەی تەندروستی و قوتابخانە و باخچەی ساوایان و مزگەوت و خزمەتگوزارییەكانی تر كە ڕۆژانە بەكار دێن.

وەزارەتی کارەبا ئامادەکاری بۆ پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری دەکات
پێت وەزارەتی کارەبا ئامادەکاری بۆ پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری دەکات
Team Falcon کێبڕکێ بەدەستهێنانی نازناوى HONOR OF KINGS CHAMPIONSHIP 2024 لە جاکارتا دەکات
دوات Team Falcon کێبڕکێ بەدەستهێنانی نازناوى HONOR OF KINGS CHAMPIONSHIP 2024 لە جاکارتا دەکات
پەیوەنیدر