داهاتووی زێڕە ڕەشەکە چی دەبێت



ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشبینی دەکات بەم نزیکانە سەردەمی نەوت کۆتایی پێبێت و  جۆرەکانی وزەی پاک شوێنی بگرنەوە .

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشبینی دەکات کۆتایی سەردەمی نەوت لەوەی چاوەڕوان دەکرا  نزیکتر بێت.

ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا دەڵێت، خواست لەسەر هەموو جۆرەکانی سووتەمەنی لەماوەی ئەم دەیەیەدا لە گەشەکردن وەستاوە، بەخێرایی بەرەو سەردەمی کارەبا هەنگاو دەنێین.

هەروەها ئاژانسەکە ئاماژەی بە چاوەڕوانییەکانی خۆی بۆ دابەزینی نرخی نەوت و غاز لە ساڵانی داهاتوودا کرد  ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی وزەی جێگرەوە، کە دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخەکانی سوتەمەنی.

لەو چوارچێوەیەشدا پێشبینی دەکرێت خواست لەسەر نەوتی جیهانی پێش ساڵی 2030 بگاتە لوتکە و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە کەمتر لە 102 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

ئەمەش دوای ئەو گۆرانکارییە دێت کە  نرخی نەوت بە خۆیەوە بینی، چونکە گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە یەکێکە لە وڵاتە زلهێزەکانی نەوت، تەنها کاریگەرییەکی کەمی لەسەر نرخەکان هەبوو، بەو پێیەی نرخی هەر بەرمیلێک لە نزیک 75 دۆلار مایەوە، لە کاتێکدا لەماوەی ڕابردوودا ئەم جۆرە گرژییانە نرخی نەوتیان دەگەیاندە 3 هێندەی نرخی ئێستا، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دابەزینی خواستە لەسەر  نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا..

فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەدا  دەڵێت “ڕەنگە لە نیوەی دووەمی ئەم دەیەدا بچینە ناو جیهانێکی زۆر جیاوازی وزەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕەنگە  زیادەڕۆیی لە  دابینکردنی نەوت و گازی سروشتی بکرێت، ئەمەش بەندە بە گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانەوە”.

بیرۆل ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت زیادە لە دابینکردنی سووتەمەنی ببێتە هۆی دابەزینی نرخەکان و ڕەنگە وڵاتان بتوانن سەرچاوەی زیاتر بۆ وزەی پاک تەرخان بکەن و بەم شێوەیە جیهان بگوازنەوە بۆ “سەردەمی کارەبا”.

بەپێی ئاژانسەکە، پێشبینی دەکرێت پشکی سووتەمەنی لە تێکەڵەی وزەی جیهانیدا لە ساڵی ٢٠٣٠دا بگاتە ٧٥% ، لەکاتێکدا ئێستا ٨٠%یە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر سیاسەتەکانی ئێستای حکومەتەکان بەردەوام بن، پێشبینی دەکرێت خواست لەسەر نەوتی جیهانی پێش ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە لوتکە ودواتر بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.

لە لایەکی دیکەوە پێشبینی دەکات نرخی بەرمیلێک نەوت  لە ساڵی ٢٠٥٠دا بۆ ٢٥ دۆلار دابەزێت، ئەگەر حکومەتەکان سیاسەت گەلێک پەیڕەو بکەن، ئەویش کەمکردنەوەی ئەو سەرچاوانەن کە دەبێتە هۆی پیسبونی ژینگە و دەردانی گازی ژەهراوی.

هاوکات پێدەچێت زیادەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی بازاڕێکی زۆر کێبڕکێکار دروست بکات، چونکە نرخەکان لە ناوچە سەرەکییەکانی هاوردەکردندا بە تێکڕا لە نێوان ٦،٥ بۆ ٨ دۆلارە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی سەربەخۆیە لە ساڵی ١٩٧٤ دامەزرا و بارەگا سەرەکییەکەی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە. ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی بە مەبەستی  ڕووبەڕووبوونەوەی گێژاوی بازاڕی نێودەوڵەتی نەوت و مەترسییەکانی پەیوەست بە دابینکردنی ئەم ماددە گرنگە نرخێکی گونجاو بۆ وڵاتان دابین بکات، کارەکانی لەم  بوارانەدا چڕدەکاتەوە: ئاسایشی وزە، گەشەپێدانی ئابووری، هۆشیاری ژینگەیی، پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەرانی گەورەی وزە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە 29 وڵات وەک ئەندام لەخۆدەگرێت: ئوسترالیا، نەمسا، بەلجیکا، کەنەدا، کۆماری چیک، دانیمارک، ئیستۆنیا، فینلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هەنگاریا، ئێرلەندا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، لۆکسمبۆرگ، هۆڵەندا و نیوزلەندا. نەرویج، پۆڵەندا، پورتوگال، سلۆڤاکیا، ئیسپانیا، سوید، سویسرا، تورکیا، بەریتانیا، و ئەمریکا.

 

میدیای ئەمنی عێراقی ئامادەکردنی پلانێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت
پێت میدیای ئەمنی عێراقی ئامادەکردنی پلانێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت
کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراقی گەیشتنە ڕێکەوتن 
دوات کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراقی گەیشتنە ڕێکەوتن 
پەیوەندیدر