با پێتان بڵێم ناسنامەی شاری ڕانیە چییە؟



رامیار جەمال

هەموو شارێک خاوەن جوان و تایبەتیمەندین، شار و دێهاتەکانی کوردستان پڕن لە سروشتی دڵرفێن، لانکەی ئازادی، مەڵبەندی شۆڕش و خەڵکی دلێر.

هەموو شارێک ناسنامەی خۆی هەیە، سلێمانی خاوەنی نووسەر و شاعیر و داهێنانن، هەولێر خاوەنی بازرگان و کۆمپانیاو بینای بەرزن، ڕانیەش خاوەنی ڕاپەڕین و شۆڕش و ئازادی و میوان دۆستین .

جەنابی کاک بافڵ، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە میانی وتارەکەیدا لە شاری ڕانیە هێمای بۆ ئازایەتی و چاونەترسی شاری ڕانیە کرد کە مایەی شانازی و دلخۆشی ئێمەمانان خەڵکی ڕانیەو دەڤەری ڕاپەڕین بوو، ئەو ئازایەتی خەڵکەکەی گرێدا بە چاونەترسیان دژی صدام حوسین چ جای ئەوەی زوڵم لە حیزبێکی دیاریکراو قبوڵ کەن.

 

بۆ ئێمەی خەڵکی ڕانیە و دەروازەی ڕاپەڕین مایەی شانازیمانە هەمووان بەئازاو چاونەترس دەمانناسن، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم شارە پێویستی بە خزمەت و ئاوەدانی زیاترە، وەکو پێویست گرنگی پێنەدراوە، بەراورد بە ناوچەو شارەکانی تری کوردستان، ڕانیە پشکی شێری لە نەبوونی هەلی کار بەرکەوتووە، گەنجەکانی لە بێئومێدی و رەشیبنی شارەکە جێدەهێڵن و روودەکەنە هەندەران کە بەداخەوە لەم رەهەندەوە چەندین گەنجی جوان و خوێن گەشی ئەم ناوچەیە بوونە خۆراکی قرشەکانی دەریای ئیجە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە شاری ڕانیە ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕینە، دوو قەزا سەر بەم ئیدارەیەن، لەگەڵ ١٦ ناحیەو سەدان گوند، رووبەرێکی زەوی بەرفراوانی هەیە، دەشتێکی بەپیتی هەیە کە دەرفەتی گرنگی وەبەرهێنان هەڵدەگرێت بەداهاتی زۆر باش.

 

دەگێڕنەوە جاران لە کەرکوکەوە خەڵک سەردانی دەشتی بیتوێن* یان کردووە بۆ کشتوکاڵ کردن، لەبەر بەپیتی دەشتەکەی، بەڵام بەداخەوە سیاسەتی حکومەتی هەرێم گوێ ناداتە هیچ لەم کێشە گەورانەی لەم شارەدا هەیە، وە نەیتوانیوە سوود لەم خاکە بەپیت و ئەم سامانە مرۆییە وەربگرێت کە لە شار و ناوچەکەدا هەیە.

 

دەسەڵاتداران و ڕۆشنبیرانیش پێویستە وەبەرهێنان لەم ناوچەیە بکەن نەک هەر لە رەهەندە پیشەسازی و کشتوکاڵیەکەوە بەڵکو لەلایەنی مرۆییشەوە، پێویستە لێکۆڵینەوە لە کاراکتەری خەڵکی ئەم ناوچەیە بکرێت کە دەکرێت ئەمە کاری کۆمەڵناسان بێت، ئاخر ڕاپەڕین دژی دیکتاتۆرێکی وەکو صدام حوسین لەکاتێکدا کە شەڕی ئەمریکای دەکرد، خاوەنی یەکێک لەبەهێزترین سووپاکانی دنیا بوو کارێکی بەخەیاڵ نەهاتوو بوو، بەڵام خەڵکی ئەم شارە شێلگیرانە شۆرشیان دژی کرد، راپەرین دژی و بوونە خاڵی وەرچەرخانی مێژووێکی تازە بۆ کوردستان کە کورد سەدان سەدە بوو چاوەڕێی بوو، ئەویش دروست کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.

 

بەڵێ ڕانیە خاوەنی ڕاپەڕینی باشوری کوردستانە، داینەمۆی چرای ئاشتییە، هەڵگری مەشخەڵی ئازادییە، ئازادییەک کە ئێستا هەموو خەڵکی کوردستان لەبەری دەحەسێتەوە.

 

*: دەشتی بیتوێن یان حەوزی بیتوێنیشی پێدەوترێت کە شارەکانی رانیەو چوارقوڕنەو حاجیاواو بۆسکێن دەگرێتەوە، ناوچەکە وەکو حەوزێک وایە کە ئەم شارانەی تێدایە.

 

 

 

زیاتر لە660 ملیار دینار بۆ كۆكردنەوەی خاشاك خەرجكراوە
پێت زیاتر لە660 ملیار دینار بۆ كۆكردنەوەی خاشاك خەرجكراوە
“خەڵک” نوێترین زانیاری لە بارەی مووچەی مانگی نۆ بڵاودەکاتەوە
دوات “خەڵک” نوێترین زانیاری لە بارەی مووچەی مانگی نۆ بڵاودەکاتەوە
پەیوەنیدر