سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆتا كەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەولێر ڕایگەیاند، پارتی داربەڕووە و بە هیچ كەسێك ناڕووخێت و ئەوەی بە ئاشتی لەگەڵ پارتی بەدەستی دەهێنن بە دژایەتی بەدەستی ناهێنن و دەشڵێت: دوای هەڵبژاردن نابێت فەوزا بمێنێت و یەكەم كاری پەرلەمانی نوێ نووسینەوەی دەستوورە.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتارێكدا ڕایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە دەبوو چەند ساڵێك پێشتر بكرایە، بەڵام هەندێك لایەن خۆیان لێ دەدزیەوە و دەیانویست بەو جۆرە بكرێت، كە پێشتر دیزاین كرابێت، بەڵام ئێمە ئەوەمان قبوڵ نەكرد.
وتیشی، “پارتی خاوەنی بیرۆكەی هەڵبژاردن بووە هەر لە ساڵی 1991دا و لە شاری كۆیە ئەوەم ڕاگەیاند”.
ڕاشیگەیاند، گەلی كوردستان بە دەنگی خۆیان شێوازی حكومڕانی دیاری دەكەن، چونكە پەرلەمانی داهاتوو كاری گرنگی هەیە و یەكەم كاری بریتی دەبێت لە نووسینەوەی دەستوور و دەركردنی چەندین یاسای گرنگ و سڕینەوەی ئەو ئاسەوارەی كە دەیانویست قەوارەی هەرێم نەهێڵن.
جەختیشی كردەوە، سەرەڕای سنوور بەزاندنی هەندێك كەس و لایەن ئێمە تەحەمولمان كرد، بۆیە سوپاسی دامودەزگاكان دەكەم، كە دانەبەزینە ئەو ئاستە نزمە.
بارزانی ئاشكراشی كرد، دوای هەڵبژاردن نابێت ئەم فەوزایە بمێنێت لە كوردستان، بەڵكو دەبێت یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكومەت و یەك هێزی پێشمەرگە هەبێت و دەبێت كۆتایی بهێنرێت بە هاوكاری تیرۆر و كۆتایی بهێنرێت بە ماددەی هۆشبەر، كە مەترسی زۆری لەسەر هەرێم دروست كردووە.
سەرۆكی پارتی دەشڵێت: “خزمەتگوزاری زۆر كراوە و ئەوەی كراوە بۆ خەڵكی كوردستان كراوە و منەتی تێدا نییە، هەرچەندە هەڵەش كراوە، چونكە ئەوەی ئیش نەكات هەڵەش ناكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، چۆن لە 25ی ئەیلول و لە ڕیفراندۆمدا سەربەرزی بۆ كوردستان تۆماركرا و لە 20ی ئۆكتۆبەر پێشمەرگە لە سحێلا و پردێ نەیهێشت ئیرادەی كوردستان بشكێت و پلانی داگیركردنی كوردستانیان پووچەڵكردەوە، لە 20ی ئەم مانگەدا ئەو سەربەرزییە تۆماربكەنەوە، بۆیە “خۆتان نەچەمێنن”.