“لە ئێستاوە خۆتان بۆ ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردو خاکی پیرۆزی کوردستان ئامادەبکەن”



پارێزگاری سلێمانی داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات لە ئێستاوە خۆیان بۆ ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردو خاکی پیرۆزی کوردستان ئامادەبکەن

ئەمڕۆ سێشەممە، هەڤال ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی دەربارەی کۆتا ڕۆژی هەڵمەتی بانگەشە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، داوا لە هەموو کاندیدو لایەن و قەوارەو هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکان دەکەین، بەئارامیی و بە گیانی بەرزی قبوڵکردنی یەکتریی؛ بانگەشەکەیان تەواو بکەن.

وتیشی: “لە ئێستاوە خۆتان بۆ ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردو خاکی پیرۆزی کوردستان ئامادەبکەن، بۆ ئەوەی تاڵی باریکی هەودای یەکبونی نیشتمانیی؛ نەپسێت، لە لوتکەوە نەکەوینەوە ناو قوڵایی بنی چاڵە تاریکەکانی شکست”.

دەقی پەیامەکە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز..
ئەمڕۆ، لەگەڵ کۆتایهاتنی دەوامی فەرمیدا، وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیش؛ ڕادەگیرێت، داوا لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین کە خۆیان تۆمارکردووە؛ سەردانی ناوەندەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.
داوا لە هەموو ئەو ئازیزانەیش دەکەین کە مافی دەنگدانیان هەیە؛ بەشدارییەکی کارا لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بکەن و بەرجەستەی مافی ڕاستەقینەی خۆیان بکەن، دڵنیابن لەوەی هەڵبژاردن ڕەوایەتیی بنەڕەتیی بەهەر دەسەڵات و حکومڕانییەک دەدات، هیچ شتێک ناگۆڕێت ئەگەر ڕێژەو قەبارەو ڕیزبەندیی لایەنە بەشداربووەکان نەگۆڕێت، ئەمەش بەبێ بەشداریی کارایانەی ئێوە؛ ناکرێت.
هەر ئەمڕۆ لە سەعات دوانزدەی شەودا؛ ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان تەواودەبێت، داوا لە هەموو کاندیدو لایەن و قەوارەو هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکان دەکەین، بەئارامیی و بە گیانی بەرزی قبوڵکردنی یەکتریی؛ بانگەشەکەیان تەواو بکەن، پشتیوانمان بن بۆ ئەوەی ئەو زەمینە پێویست و لەبارەی بۆ هەڵبژاردنە تایبەت و گشتییەکان فەراهەممان کردووە، ببێتە وێستگەی چەسپاندنی دیموکراسیی و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و سەرخستنی خەڵکی کوردستان و دەرفەتبەخشین بە پەسەندکردنی ئەنجامەکان و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێ.
لە ئێستاوە خۆتان بۆ ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردو خاکی پیرۆزی کوردستان ئامادەبکەن، بۆ ئەوەی تاڵی باریکی هەودای یەکبونی نیشتمانیی؛ نەپسێت، لە لوتکەوە نەکەوینەوە ناو قوڵایی بنی چاڵە تاریکەکانی شکست.
سوپاس بۆ هەموو لایەک کە تائاستێکی باش؛ پابەندیی یاساو بڕیارو ڕێنماییەکانی هەڵبژاردن بوون، قۆناغێکی گرنگتان لە بەرەوپێشچوونی هۆشیاریی گشتیدا بڕی.
سوپاس بۆ هەموو دامەزراوەکانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی؛ کە دڵسۆزانە پابەندی ئاستی بەرزی پیشەیی و بێلایەنیی بوون.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
سەرۆکی لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی
بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤

سلێمانی؛ دەست بەسەر زیاتر لە 410 تۆن خۆراک و دەرمانی خراپ و بەسەرچووداگیراوە
پێت سلێمانی؛ دەست بەسەر زیاتر لە 410 تۆن خۆراک و دەرمانی خراپ و بەسەرچووداگیراوە
ناتانیاهۆ: گوێ لە ئەمریکا دەگرین، بەڵام خۆمان بڕیار دەدەین
دوات ناتانیاهۆ: گوێ لە ئەمریکا دەگرین، بەڵام خۆمان بڕیار دەدەین
پەیوەندیدار