تاران: مووشەکی بالیستیکمان نەداوەتە ڕووسیا



ڕۆژێک دوای سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا بەسەر ئێراندا، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەتوندی ئیدانەی ئەو بڕیارەی کرد.

 

ناوبراو ئەمڕۆ سێشەممە لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” ئاماژەی بەوەدا، کە وڵاتەکەی موشەکی بالیستیکی بۆ مۆسکۆ دابین نەکردووە بۆ بەکارهێنانی دژ بە ئۆکراین.

 

بەقایی ئاماژەی بەوەشکرد، “هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە ململانێی نیوان ڕووسیا و ئۆکراین ڕوونە، تارانیش هەر لە سەرەتای شەڕەکەوە داوای چارەسەری دیپلۆماسی دەکات لەپێناو یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین”.

وتیشی؛ هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخەنەڕوو، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئێران دەستوەردانی سەربازی لەم ململانێیەدا کردووە.

 

بەقایی تۆمەتەکانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا بە “فریودان و هەوڵ بۆ لادانی سەرنجی گشتی لەسەر گرنگترین پرس لە ئێستادا کە جینۆسایدی گەلی فەلەستین و جۆشدانی ئاگری جەنگە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست وەسف کرد.

 

ناوبراو جەختی کرد، کە سەپاندنی گەمارۆکان بەسەر هێڵە ئاسمانییە مەدەنییەکانی ئێراندا “پێشێلکارییەکی ئاشکرای ستاندارد و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە، بە تایبەت لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان، ئەمەش قبوڵکراو نییە”.

 

لە لایەکی دیکەوە وەبیری هێنایەوە کە هەندێک وڵاتی ئەوروپی، لەوانە بەریتانیا و ئەڵمانیا، “چەکی کوشندەیان بۆ ئیسرائیل دابینکردووە کە بەشدارن لەو جینۆسایدەی کە لە غەززە و لوبنان ڕوودەدات”، ئەو وڵاتانەشی بە “هاوبەش لە تاوانەکانی دژ بە فەلەستین و گەلانی لوبنان ناوبرد”.

 

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران “مافی ڕەوای بەرگریی و هاوکاری سەربازی لەگەڵ وڵاتانی دیکە، لەوانەش ڕووسیا، بە مەبەستی دابینکردن و بەرزکردنەوەی پێداویستییە بەرگرییەکانی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی  دووپاتکردەوە و هێمای بۆ ئەوەکرد کە “هاوکاریی سەربازیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە لایەنی سێهەم ناکاتە ئامانج و هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لەم بڕیارە یاسایی و ڕەوایەدا بکات”.

 

دوێنێ دووشەممە 14-10-2024، یەکێتیی ئەورووپا سزای بەسەر 14 قەوارە و کەسایەتیی ئێراندا سەپاند، لەنێویاندا هێڵی ئاسمانی “ئێران ئایر”ی ئێرانی، بەهۆی گەیاندن یان ئاسانکاری بۆ گەیاندنی مووشەکی بالیستیک بۆ مۆسکۆ.

 

جگە لە هێڵی ئاسمانی ئێران، سزاکان دوو کۆمپانیای دیکەی ئێرانی بە ناوەکانی “هێڵی ئاسمانی سەها” و “ماهان ئایر”یش گرتەوە.

 

هەروەها حەوت کەسایەتی ئێرانی کرانە ئامانج کە دیارترینیان سەید حەمزە گلاندری جێگری وەزیری بەرگری ئێران و پێنج قەوارە کە لەنێویاندا دوو کۆمپانیای ئێرانی تۆمەتبارن بە دابینکردنی ئەو سووتەمەنیەی ئەم مووشەکانە بەکاری دەهێنن.

 

ئەم سزایانە مەرجی بەستنی سەروەت و سامانی ئەو کەسانەی کە لە یەکێتی ئەوروپا سزایان بەسەردا سەپێنراوە و قەدەغەکردنی گەشتکردن لەناو خاکی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا تیادا دیاریکراوە.

 

لە کاتێکدا ئیسرائیل پێشوازی لەو هەنگاوە کرد، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ئیسرائیل کاتز، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، “ئەم گەمارۆیانە پەیامێکی ڕوون دەنێرن کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەحەمولی کردەوە مەترسیدارەکانی ئێران و پاڵپشتیکردنی تیرۆریزم و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە ناکات. ”

 

سەپاندنی ئەم سزایانە لە کاتێکدایە، تاران بەردەوام تۆمەتەکانی ڕۆژئاوا بە گواستنەوەی مووشەک بۆ هاوپەیمانە ڕووسیەکەی ڕەتدەکاتەوە.

ناتانیاهۆ: گوێ لە ئەمریکا دەگرین، بەڵام خۆمان بڕیار دەدەین
پێت ناتانیاهۆ: گوێ لە ئەمریکا دەگرین، بەڵام خۆمان بڕیار دەدەین
ئەمریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانی “بەهێز” دەداتە ئیسڕائیل
دوات ئەمریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانی “بەهێز” دەداتە ئیسڕائیل
پەیوەندیدار