ئەمریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانی “بەهێز” دەداتە ئیسڕائیل



وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە، سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی دژە مووشەکی ئاست بەرز بۆ ئیسڕائیل دەنێرێت، کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێت.

 

بەرپرسان دەڵێن سیستەمی THAAD بەرگریی ئاسمانی ئیسڕائیل بەهێزتر دەکات دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە لە سەرەتای ئەم مانگەدا.

 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ ئامانج لە ناردنی ئەو سیستمە “بەرگریکردنە لە ئیسڕائیل”، کە پێشبینی دەکرێت وەڵامی هێرشێکی ئێران بداتەوە، پاش ئەوەی زیاتر لە 180 مووشەکی بالیستی لە 1ی تشرینی یەکەمدا لە لایەن ئێرانەوە ئاراستە کرا.

 

ئەم هەنگاوە بووەتە جێی سەرنجی هەمووان، بەو پێیەی جێگیرکردنی هێزی بەرگریی ئەمریکی لەسەر زەوی ئیسڕائیل لەخۆدەگرێت.

 

ئیسڕائیل هێشتا هێرشی خۆی بۆ سەر ئێران دەستپێنەکردووە، کە بە وتەی یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسڕائیل، وەڵامیان “کوشندە، ورد و سەرسوڕهێنەر” دەبێت.

 

ڕوون نییە کە ئایا جێگیرکردنی سیستمی THAAD بەشێکە لە پلانی ئەمریکا بۆ داخستنی بۆشاییە دەستنیشانکراوەکان لە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل، یان ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی هێرشێکی بەهێزتری ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران.

سەرۆکی ئەمریکا دژی هەرچەشنە هێرشێکە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و سەر ژێرخانی نەوت یان وزەی ئەو وڵاتە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانی ئەوە هەیە، وەڵامدانەوەی ئیسڕائیل ببێتە هۆی هەڵکشانی ململانێ و کاریگەری لەسەر ئابووری جیهانی.

 

پاشخانی ئەم بڕیارە هەرچییەک بێت، ئاماژەیە بۆ پێویستی ئیسڕائیل بە هاوکاری بەرگریی ئەمریکا لە نێو پەرەسەندنی شەڕەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

بەپێی وتەی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری لۆکهید مارتن کە گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی چەکی ئەمریکاییە، THAAD کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەدژی مووشەکە بالیستیکییەکان.

 

ئەم سیستمە هەشت دەرەچەی ئاڕاستەکردنی هەیە،  بۆ کارپێکردنی پێویستی بە تیمێکی 100 کەسی هەیە.

ئێران لە 1ی ئۆکتۆبەر هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسڕائیل دەستپێکرد و بەهۆیەوە کەسێک لە ئەریکۆ لە کەناری ڕۆژئاوا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکە کوژرا.

 

ئیسڕائیل سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی بەناوبانگی هەیە کە بە هاوکاری ئەمریکا پەرەی پێدراوە و بە مووشەکی ئارۆ ٢ و ئارۆ٣ تەیارن، کە لە دەرەوەی بەرگەهەوا کاردەکەن.

 

ئەم مووشەکانە بە خێرایی سەروو دەنگ دەفڕن و دەتوانن مووشەکی بالیستیکی بخەنە خوار لە بۆشایی ئاسماندا.

 

دیزاینەرانی ئیسرائیلی سیستەمەکە، ئاماژەیان بەوەکردووە، ئارۆ ​​”وەک چاوەڕوانکراو بوو کارەکانی ئەنجامدا” وە ئەنجامەکانی “سەرنجڕاکێش” بوون، دژی هێرشەکەی ئێران.

 

لە ڕووی سیاسییەوە، ڕاگەیاندنی، ڕادەستکردنی سیستمی THAAD لە چوارچێوەی جەختکردنەوەکانی ئیدارەی بایدن دێت لەسەر پشتیوانی “پتەویان” بۆ بەرگری ئیسرائیل.

 

بایدن دەڵێت پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل وەک ” بەرد پتەوە”.

 

بەپێی ئامارەکانی ئیسرائیل، ئەمریکا لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 50 هەزار تۆن چەک و تەقەمەنی ئاست بەرزی ناردووە بۆ ئیسڕائیل.

 

هاوکات پنتاگۆن جێگیرکردنی THAADی بە بەشێک لە “دەستگیرۆییە بەرفراوانەکانی سوپای ئەمریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا” وەسفکرد بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسڕائیل و بەرگریکردن لە کارمەندان و هاووڵاتیانی ئەمریکا بەرامبەر هێرشەکانی ئێران و گروپەکانی سەر بە ئێران.

تاران: مووشەکی بالیستیکمان نەداوەتە ڕووسیا
پێت تاران: مووشەکی بالیستیکمان نەداوەتە ڕووسیا
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەرکرا
دوات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەرکرا
پەیوەندیدار