کەش و هەوا بەم زووانە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت و شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، پلەكانی گەرما نزیكەی 10 پلە دادەبەزن و باران بارینی مام ناوەند چەند ناوچەیەك دەگرێتەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لەکۆتایی ئەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوو بەتایبەتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر کاریگەری سیستەمێکی نزمە پەستانی باکوری خۆرهەڵاتی ئەوروپا، کە ئەم نزمە پەستانە هەڵگری تەوژمە هەوایەکی ساردە و سەرچاوەکەی جەمسەری باکورە بەو هۆیەوە پلەکانی گەرما لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێم و عێراق بەشێوازی بەرچاو دادەبەزن بەڕێژەی ٧ تا ١٠ پلەی سیلیزی.
ڕاشیگەیاند، کەشێکی تاڕادەیەک ساردی پێشوەختە ڕوو دەکاتە تەواوی ناوچەکانی وڵات و بەهۆی دابەزینی پەستان ئەگەر هەیە ماوە ماوەش خێرایی با زیاد کات و ئاڕاستەکەی لەهەموو لایەکەوە بێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، کاریگەری ئەم تەوژمە هەوایه سارد و نزمە پەستانە بۆ ماوەی هەفتەیەک دەمێنێتەوە.
وتیشی، “ئەگەر هەیە لەم نێوانەداش حاڵەتێکی ناسەقامگیری کەش ناوچە جیاوازەکان بگرێتەوە، کەخۆی دەبینێتەوە لەبارانی کەم بۆ مام ناوەند و ڕوودانی هەورە بروسکە ئەویش بەهۆی هاتنی هەوری دەریایی و بڕێک شێی مەداری ناوچەی کەمەرەیی و بەهاوکاری حەوزی سارد لەچینە بەرزەکانی هەوادا”.