ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سەرپەرشتیاری بازنەی هەڵبژاردنی ئەو حزبە لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران مەحاڵ نییە و هەژماری منیش بەتەواوی لە سلێمانی شکستی هێناوە و دوای هەڵبژاردنیش لەهەرێمی کوردستان کۆتایی پێدێت و تاکە چارەسەری کێشەی مووچە تەوتینە.
ڕەفعەت عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشیاری بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی لە دیدارێكی لەگەڵ ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنووسان لەبارەی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند: “یەکێتی هیزێکی گەورە و کاریگەرە و هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بەرنامەی یەکێتی بۆ خزمەتی خەڵکە و بە بەدەستهێنانی زۆرترین متمانەی خەڵک دەتوانین پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرینەوە”.
ڕاشیگەیاند، “لەم چەند ساڵەی کێشەی دواکەوتنی مووچە هەبووە، تیمی یەکێتی لە حکومەت و سەرۆک بافڵ-یش بەردەوام لەهەوڵدا بوون لەبەغدا ئەو کێشانە چارەسەر بکەن و فراکسیۆنی یەکێتیش هەوڵەکانی بۆ ئەو مەبەستە چڕکردۆتەوە، بەڵام کیشەکان لای حکومەتی هەرێم بوون، کەداتایەکی دروستیان نەخستوەتە بەردەم بەغدا”.
سەبارەت بە هەژماری من وتی، “ئەوە لای یەکێتی یەکلایی بۆتەوە و ئەو هەژمارە ڕەتدەکەینەوە و کۆتایی هاتووە، لە حکومەتی داهاتووشدا لەهەموو هەرێمی کوردستان ڕەتدەکرێتەوە، لەهەموو جیهانیشدا شتی وا نەبووە پارە و قوتی خەڵک لە بانکی تایبەت و تاکەکەسییەوە دابەشبکرێت، لەبەرامبەردا تەوتینی مووچە چارەسەری کێشەی مووچە دەکات”.
ڕوونیشیکردەوە: “یەکێتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە کۆمەڵێک هەوراز و نشێودا تێپەڕی، بەهۆیەوە جۆرێک لە فرە خیتابی و فرە جەمسەریی دروستبوو، کە ئەو حزبەیان بەرەو لاوازی دەبرد، بەڵام لە سێ ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتیش لەدوای پێنجەمین کۆنگرەوە یەکێتییەکی یەکڕیز و یەکگوتار هاتووەتە ئاراوە، کە دەتوانێت لەئاستی تەحەدییەکانی بەردەمیدا بێت و ئەوەشی بە کردەوە سەلماندووە”.
سەبارەت بە مانشێتی بانگەشەكەیان دەڵێت: “ئەو شێوازی خۆسەپێنییەی لایەنێک بەسەر کۆی جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانیدا ڕەتدەکاتەوە، کە دروشمی دەیڕوخێنین و کۆتایی پێدەهێنین-ی لەم بانگەشەیەدا بەرزکردووەتەوە، مەبەستی یەکێتی ئەزموونەکە و حکومەتەکەمان نییە، کە خۆی خەباتی لەپێناودا کردووە و خوێنی بۆ بەخشیوە، بەڵکو مەبەستی لە ڕووخاندنی ئەو دیدگا و تێڕوانینەیە، کە هەنووکە حوکمڕانیی پێ دەکرێت و لایەنێک بە ئاشکرا سیاسەتی برسیکردنی هەموو خەڵک و خوڵقاندنی قەیران لەدوای قەیران و سزادان و جیاوازیکردن لەنێوان خەڵک و ناوچە جیاجیاکاندا پەیڕەو دەکات، یەکێتیش دەیەوێت ئەو تێز و تێڕوانینە بڕوخێنێت.”
رەفعەت عەبدوڵڵا وتیشی: “دوو سێ ساڵی ڕابردووی یەکێتی لە بەغدا و هەڵبژاردنی پارێزگاکان و ئەو بەڵێنانەی، کە داوێتی و جێبەجێی کردوون، ڕۆڵی هەبووە لەو متمانەیەی کە خەڵک بە یەکێتیی پەیدا کردۆتەوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پرۆژەی (هەژماری من) بڵاویكردۆتەوە، ساڵی 2025، یەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر دەبنە خاوەنی کارتی بانکی.
ئاشكراشی كردووە، ئەم مانگە مووچەی 132,000 مووچەخۆر لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵی دابەشکراون.